Accessibility links

تورکیا سەرۆک وەزیری ئیسرائیل بە ڕەگەزپەرست تاوانباردەکات


سەرۆکایەتی تورکیا ڕەخنەی لە بەنجامین نەتەنیاهو سەرۆک وەزیری ئیسرائیل گرت و بە ڕەگەزپەرست تاوانباری کرد پاش ئەوەی گوتبووی ئیسرائیل تەنیا وڵاتی گەلی جووە.

ئیبراهیم کالن گوتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا ئەمڕۆ سێشەممە لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی" نەتەنیاهو دەڵێت ئیسرائیل وڵاتێکی نەتەوەیـیە نەک بۆ هەموو هاوڵاتیانی بەڵکو تەنیا بۆ گەلی جوو. بە توندی ئەم ڕەگەزپەرستی و جیاوازیکردنە ئاشکرایە سەرزەنشت دەکەم. 1.6 ملیۆن عەرەب/موسڵمان لە ئیسرائیل دەژین. ئایە حکومەتە ڕۆژئاوایـیەکان کاردانەوەیان دەبێت یان جارێکی دیکە لە ژێر فشار بەبێ دەنگی دەمێننەوە."

ڕۆژی یەکشەممە نەتەنیاهو لەسەر ئنستگرامەکەی وەڵامی ڕەخنەی کچە هونەرمەندێکی ئیسرائیلی دابووەوە کە داکۆکی لە عەرەبەکانی ئیسرائیل کردبوو.

نەتەنیاهو نووسیویەتی بەپـێی دەستور ئیسرائیل دەوڵەتی نەتەوەیی گەلی جووە نەک هی هەموو هاوڵاتیانی. هیچ کێشەیەک لەگەڵ هاوڵاتیانی عەرەبدا نیـیە و ئەوان بە یەکسانی هەموو مافێکیان هەیە.

لەوەتای ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا دەسەڵاتی گرتووەتەدەست، پەیوەندیـیەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا گرژیـیان تێکەوتووە. ئیسرائیل دەڵێت حکومەتی ئەردۆغان پشتیوانی لە گروپی تێرۆرستی حەماسی فەڵەستینی دەکات و ئەنکەرەش حکومەتی ئیسرائیل تاوانباردەکات بە پـێشێلکردنی مافی فەڵەستیـنیـیەکان.

XS
SM
MD
LG