Accessibility links

سەرۆک وەزیری تورکیا داوا لە وڵاتانی ئیسلامی دەکات بە پەیوەندیـیەکانیاندا لەگەڵ ئیسرائیل بچنەوە


سەرۆک وەزیری تورکیا هێرشی توند کردە سەر ئیسرائیل و داوای لە وڵاتانی ئیسلامی کرد بە پەیوەندیـیەکانیاندا لەگەڵ ئەو وڵاتە بچنەوە لە پاش پـێکدادانەکانی نێوان فەڵەسـتینیـەکان و ئیسرائیل.

بنیالی یڵدرم ئەمڕۆ سێشەممە لە وتارێکیدا بۆ پەرلەمانتارانی سەر بە پارتەکەی (ئاکەپە) گوتی " لەعنەتی ئیسرائیل دەکەین و بە توندی سەرزەنشتی دەکەین لەسەر گولـلەبارانکردنی فەڵستینیـیە بێ تاوانەکان و خۆپـیشاندەرە ستەم لێکراوەکان، هەروەها سەرزەنشتی بەڕێوەبەرایەتی ئەمەریکا دەکەین کە بەنزین بەسەر ئاشتیدا دەکات."

پاشان گوتی دەبێت وڵاتانی ئیسلامی بە پەیوەندیـیەکانیان لەگەڵ ئیسرائیلدا بچنەوە، وە دەبێت جیهانی ئیسلامی بێ دەنگ نەبێت و هاوسۆزی خۆی بۆ فەڵەستینیـیەکان نیشان بدات لە دژی ئەو ستەمەی ئیسرائیل لە غەززەی دەکات.

یڵدرم گوتیشی تورکیا لە بەرامبەر ئەو ستەمەی دژی گەلی فەڵەستین دەکرێت بێ دەنگ نابێت وە ڕۆژی هەینی خۆپیشاندانێکی گەورە لە ئستەنبوڵ سازدەکرێت بۆ دەربڕینی هاوسۆزی بۆ فەڵەستینیـیەکان.

لە لایەکی دیکە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا ئەمڕۆ ماتەمینی گشتی بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە وڵاتەکە ڕاگەیاند و بڕیاری دا لەو سێ ڕۆژە ئاڵای تورکیا دابگیرێت، ئەمەش وەک هاوسۆزی لەگەڵ فەڵەستینیـیەکاندا.

هەروەها ئەردۆغان لە چاوپێـکەوتنێکی تەلەفیزیۆنی لە لەندەن گوتی دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا و بەنجامین نەتەنیاهو سەرۆک وەزیری ئیسرائیل بەرپـرسیارن لە ڕووداوەکانی دوێنێ دووشەممەی غەززە کە تیایاندا دەیان فەڵەستی کوژران.

هاوکات ئەنکەرە هەردوو باڵیۆزی خۆی لە واشنتن و تەل ئەڤیڤ بانگهێشتکرد، وە داوای لە ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی کرد ڕۆژی هەینی کۆبوونەوەیەکی بە پەلە ئەنجام بدات.

XS
SM
MD
LG