Accessibility links

سەرۆکی تورکیا ڕەخنە لە ئیسرائیل دەگرێت و ئیسرائیلیش بە توندی وەڵامی دەداتەوە


سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وتاری هەفتانەی خۆی بۆ نوێنەرەکانی لە پەرلەمانی تورکیا تەرخانکرد بۆ ئەوەی بە توندی هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل سەبارەت بە دانانی ڕێوشوێن و هەنگاوی ئاسایشی بۆ گەیشتن بە مزگەوتی ئەلئەقسا لە ئۆرشەلیم- قودس کە سێیەمین شوێنی پـیرۆزی موسڵمانانە.

ئەردۆغان گوتی ڕەوایەتی ئیسرائیل هەتا ئەو کاتە مانای هەیە کە ڕێز لە مافەکانی خۆی و فەڵەستینییەکان و خاکی فەڵەستین بگرێت. گوتی مەرجەکانی کە داسەپێنراونەتە سەر مزگەوتەکە لە نیگەرانیەکانی سەلامەتییەوە نین کەوا ئیسرائیل هەوڵ دەدات مزگەوتی ئەلئەقسا لە موسڵمانەکان وەربگرێت و یاخود قەناعەت بە موسەڵمانەکان بهێنێت بە پاساوی هەوڵەکانی بۆ بەربەرەکانیکردنی تێرۆرزم.

بەڵام ئۆفیسی سەرۆک وەزیری ئیسرائیل لە بەیانـنامەیەکدا بە توندی ڕەخنەی لە سەرۆکی تورکیا گرت.

دەڵێت "جێی سەرنجە ئەردۆغان ئەی چی لەسەر باکوری قوبرس یان کورد دەڵێت. ئەردۆغان دوایـین کەسە بتوانێت ئامۆژگاری ئیسرائیل بکات."

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل وەڵامی لێدوانەکانی ئەردۆغانی دایەوە و گوتی

"قسەکانی سەرۆکی تورکیا لە بەردەم چالاکوانانی پارتەکەی هیچ پەیوەندیـیەکیان بە واقیعەوە نیـیە و هیچ بنەمایەکی ڕاستیان بۆ نیـیە و گوماناوین. باشترە بۆی گرنگی بەو کێشە و گرفتانە بدات کە ڕووبەڕووی دەوڵەتەکەی دەبنەوە.

سەردەمی ئیمبراتۆریەتی عوسمانی بەسەرچوو و ناگەڕێتەوە. ئۆرشەلیم پـێشتر و ئێستا و بۆ هەمیشە بە پایتەختی گەلی جوو دەمێنێتەوە. بەپـێچەوانەی ڕابردوو، ئێستا حکومەتێـک بەڕێوەی دەبات کە پابەندە بە ئازادی و ئاسایش و ئازادی ئەنجامدانی مەراسیمە ئاینیـیەکان و ڕێزگرتن لە مافی هەموو کەمینەکان.

لە کۆتایـیدا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل دەڵێت "ئەوەی ماڵی لە شوشە بێت باشترە بەرد لە ماڵی کەس نەگرێت."

XS
SM
MD
LG