Accessibility links

ئەردۆغان هێرشی توند دەکاتە سەر ئیسرائیل و ئەمەریکا

  • VOA News

سەرۆکی تورکیا ئیسرائیلی بە وڵاتێکی داگیرکەری تێرۆرست ناودێرکرد و ئەمەریکاشی تاوانبارکرد بەوەی پاداشتی ئیسرائیل دەکات لەسەر هێرشەکانی لە دژی فەڵەستینیـیەکان.

ڕجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ چوارشەممە لە میانەی کۆنگرەی ئیسلامی بۆ پشتیوانی لە فەڵەستینیـیەکان گوتیشی ئیسرائیلییەکان منداڵانی تەمەن 14 ساڵ یان 10 ساڵ دەسـتگیردەکەن. وێنەیەکی پـێشانی ئامادەبووان دا کە تیایدا ژمارەیەک سەربازی ئیسرائیلی نەوجەوانێکی فەڵەستینیـیان چاوبەست کردووە. گوتی ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئیسرائیل وڵاتێکی داگیرکەری تێرۆرستە.

پاشان سەرگۆنەی ئەمەریکای کرد لەسەر بڕیارەکەی هەفتەی ڕابردووی سەرۆک ترامپ بۆ دانانی ئۆرشەلیم بە پایتەختی ئیسرائیل، گوتی لە پاش ئەوەی ئیسرائیلیـیەکان فەڵەستینیـیەکان لە ماڵەکانیان دەربەدەر دەکەن و دەکوژن و کاری تێرۆرستی دەکەن، ئەمەریکا پاداشتی ئیسرائیل دەکات.

ئەردۆغان بڕیارەکەی سەرۆک ترامپی بەبێ بایەخ ناودێرکرد و گوتی ئەمەریکا تاکە وڵاتی جیهان نیـیە و 196 وڵاتی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان هەن. گوتیشی ڕاستە ئەمەریکا لە ڕووی چەک و تەقەمەنی بەهێزە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نیـیە هەمیشە بەهێزە، بەڵکو ئەوەی لەسەر حەقە بەهێزە.

پاشان ئەمەریکای تاوانبارکرد بەوەی کاری بۆ ئاشتی لە ناوچەکە نەکردووە، بەڵکو هەنگاوی هەڵەی ناوە کە ئاکامی مەترسیداریان هەیە، لەوانە پشتگیری پەیەدە و یەپەگە و ڕێکخراوەکانی دیکەی سەر بە پەکەکە.

ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ئەمەریکا 4 هەزار ئۆتۆمبیلی بارهەڵگری پـڕچەکی بۆ یەپەگە ڕەوانەکردووە. گوتی چەندان جار سەرۆک ترامپی لەمە ئاگادارکردووەتەوە کە ناکرێت بە ڕێکخراوێکی تێرۆرستی ڕێکخراوێکی تێرۆرستی دیکە لەناوببرێت. ئاگاهیشی دا لەوەی تورکیا لە بەرامبەر ئەم هەنگاوانە دەستە وەستان نابێت.

XS
SM
MD
LG