Accessibility links

ناکۆکییەکانی ئیسڕائیل و تورکیا لەسەر غەززە کاردەکاتە سەر پەیوەندییە بازرگانییەکەی نێوانییان


گرژییەکانی نێوان ئیسڕائیل و تورکیا لەسەر جەنگەکەی ناو غەززە مەترسی ئەوەی دروستکردووە پەرەبسەنێت بۆ جەنگێکی فراوانی بازرگانی لە نێوانییاندا، هەروەها هەڕەشەی دروست کردووە لەسەر پەیوەندییە ئابوورییەکەی نێوانییان کە پێشتر تەنانەت بەهۆی کێشە سیاسییەکانی نێوانیشیانەوە هەر بەردەوام بووە.

ڕۆژی سێشەممە وەزارەتی بازرگانی تورکیا کۆتوبەندی نوێی سەپاند بەسەر هەناردەکردنی 54 جۆر شتومەکدا بۆ ئیسڕائیل، لەوانەش ئەلەمنیۆم و پۆڵا و چەندین بەرهەمی بیناسازی و سوتەمەنی فڕۆکە و پەیینە کیمیاییەکان.

هەندێک لە شارەزایان دەڵێن تورکیا لە مێژە کێشە سیاسییەکانی لەگەڵ ئیسڕائیلدا جیا کردووەتەوە لە پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا، بەڵام ڕاگەیاندنەکانی ئەمدواییانەی تورکیا ئاماژەن لەسەر گۆڕانێکی سیاسیی ئەو وڵاتە بەرامبەر ئیسڕائیل.

توێژەری باڵای ناوەندی توێژینەوەکانی ئاسایشی نیشتیمانی لە ئیسڕائیل گالیا لیندینستراوس بە دەنگی ئەمەریکای وت " بڕیارەکەی تورکیا بە شێوەیەکی نەرێنی لە ئیسڕائیل بیندرا چونکە دوو وڵاتەکە هاوبەشی بازرگانی گرنگی یەکترن، تاوەکو ئێستاش ئەنکەرە بەربەستێکی داناوە لە نێوان گرژییە سیاسییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە و پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوانییاندا."

کۆتوبەندەکان ڕۆژێک دوای ئەوە هاتن وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان وتی ئیسڕائیل ڕێگری لە تورکیا کردووە لە بەردانەوەی یارمەتییە مرۆییەکان لە ئاسمانەوە بۆ ناو غەززە، هەروەها بەڵێنیدا ڕێوشوێن دژی ئیسڕائیل بگرێتەبەر تاوەکو ئەو کاتەی ئیسڕائیل ئاگربەست لە غەززە ڕادەگەیەنێت و یارمەتیدەر دەبێت لە گەیاندنی یارمەتی مرۆیی زیاتر بۆ ناو غەززە. ئیسڕائیل وەڵامی لێدوانەکانی فیدانی نەداوەتەوە.

ئالن ماکۆڤسکی توێژەری باڵا لە ناوەندی ئەمەریکان پڕۆگرێس وتی کۆتوبەندەکانی تورکیا بۆ سەر ئیسڕائیل وەکو وەڵامێک بۆ سیاسەتی ناوخۆ سەیر دەکات.

ماکۆڤسکی وتی " زۆر قورسە بەلامەوە بڕوا بەوە بکەم کە تورکیا بە جددی بیری لەوە کردووەتەوە کە ئیسڕائیل ڕێگەی دەدات بەشداری بکات لە بەردانەوەی یارمەتییەکان لە ئاسمانەوە بۆ ناو غەززە، کاتێک یارمەتییەک لە ئاسمانەوە بەردەدرێتەوە، ئیسڕائیل سەیری ئەوە ناکات لەو یارمەتییانەدا چی هەیە، لەبەرئەوە تەنها ئەو وڵاتانە دەتوانن یارمەتی بەربدەنەوە کە ئیسڕائیل بە ڕاستی لە ڕووی ئاسایشەوە متمانەیان پێدەکات و مۆڵەتییان دەداتێ. پێم وایە بابەتەکە ئەوەیە."

وتی " ئەگەر تورکیا داوای ئەوەی کردبێت، دڵنیاشم لەوەی کاتێک کە داوای ئەوەیان کردووە زانیویانە کە مەحاڵە ئیسڕائیل بەوە ڕازی ببێت. من پێم وایە ئەوەیان بەکارهێناوە بۆ داپۆشینی بڕیارێکی سیاسیی ناوخۆیی."

ماکۆڤسکی ئاماژەی بە سەرکەوتنی پارتی ئیسلامی ئاسوودەژیانیدا لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی مانگی ڕابردوودا لە تورکیا. پارتەکە کە پلەی سێیەمی بە دەستهێنا، بە ئاشکرا ڕەخنەی لە ئەردۆغان گرتووە لەسەر ئەوەی لە ماوەی هەڵمەتەکەیدا پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئیسڕائیلدا نەپچڕاندووە.

وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل ئیسڕائیل کاتز لە ئێکس نوسیویەتی " بە شێوەیەکی گونجاو وەڵام دەدەینەوە و لیستێکی درێژکراوەی ئەو بەرهەمانە ئامادە دەکەین کە ئیسڕائیل ڕێگری دەکات لە هەناردەکردنییان بۆ تورکیا."

ئیسڕائیل و تورکیا لە ساڵی 1996 دا ڕێککەوتنێکی بازرگانی ئازادییان واژۆ کرد. بەپێی داتاکانی ناوەندی ئامارەکانی تورکیا، لە ساڵی 2023 دا هەناردەکانی تورکیا بۆ ئیسڕائیل بەهاکەیان گەیشتووەتە 5.4 ملیار دۆلار، هەر لەو ساڵەدا هەناردەکانی ئیسڕائیل بۆ تورکیا بەهاکەیان گەیشتووەتە 1.6 ملیار دۆلار.

ماکۆڤسکی وتی " لە ڕووی بەدیلی شتومەکەکانەوە، بارەکە لەسەر شانی ئیسڕائیل قورستر دەبێت، بەڵام ڕەنگە کێشەی ئابووریشی تێدا بێت بۆ تورکیا، ئەگەر نەتوانێت شتومەکەکانی بفرۆشێت."

وتی " هەروەها بیریش لەوە دەکەمەوە کە ئایا ئەمە چ پەیامێک دەنێرێت بۆ وەبەرهێنەرە نێودەوڵەتییەکان ئەگەر تورکیا لە ناکاو لەسەر بنەمای هۆکاری سیاسیی ڕێگری لە بەڵێندەرە تایبەتەکان بکات. ئەوە ڕەنگە شتێکی باش نەبێت بۆ ئابووری تورکیا."

هەندێک لە شارەزایان دەڵێن کۆتوبەندەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان کاردەکەنە سەر کەرتی بیناسازی ئیسڕائیل.

لیندینستراوس بە دەنگی ئەمەریکای وت " سەبارەت بە هەندێک شتومەک، وەکو چیمەنتۆ، ئیسڕائیل بە شێوەیەکی بەرچاو پشتی بەستووە بە هاوردەکردنییەوە لە تورکیاوە. ئیسڕائیل دەتوانێت بەدیل بدۆزێتەوە، بەڵام خەرجی زۆرتری تێدەچێت و ڕەنگە کاتێکیشی بوێت تاوەکو بەدیلێکی دیکە دەدۆزێتەوە."

بەپێی دەستەی بونیادنەرانی ئیسڕائیل، ئیسڕائیل نزیکەی لە سەدا 70 ی مەوادی ئاسن و بیناسازی و سێیەکی پێویستییەکانی چیمەنتۆی لە تورکیاوە هاوردە دەکات. هەروەها تورکیا یەکێک بووە لە سەرەکیترین ئەو وڵاتانەی کە پۆڵا بۆ ئیسڕائیل دابین دەکەن.

وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل ئیسڕائیل کاتز وتی داوای " لە هاوڕێکانی ئیسڕائیل کردووە لە کۆنگرێسی ئەمەریکا تاوەکو شیکارییەک بکەن بۆ پێشێلکردنی یاساکانی بایکۆتکردن لەلایەن تورکیاوە دژی ئیسڕائیل و بەو پێیەش کۆتوبەندی بەسەردا بسەپێنن."

یوجین کۆنتۆرۆڤیچی پڕۆفیسۆری یاسا لە زانکۆی جۆرج مەیسن وتی پێی وایە کارەکەی تورکیا " ئەگەرێکی زۆری هەیە ڕێککەوتنەکانی ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی پێشێل بکات "، بەڵام یاسا فیدڕاڵییەکانی ئەمەریکا پێشێل ناکات.

کۆنتۆرۆڤیچ بە دەنگی ئەمەریکای وت " بۆ وەڵامی ئەمەریکاش، پێناچێت کۆتوبەندەکانی تورکیا لەسەر هەناردەکردنی هەندێک بەرهەم بۆ ئیسڕائیل یاسا فیدڕاڵییەکانی دژە بایکۆتی ئەمەریکا پێشێل بکات، یاساکانی ویلایەتەکان مامەڵە لەگەڵ ئەو بایکۆتانەدا ناکەن کە لەلایەن وڵاتانەوە دەسەپێندرێن."

جێی ئاماژەیە 38 ویلایەتی ئەمەریکا بە یاسا لەسەر ویلایەتەکانییان قەدەغەکردووە گرێبەست یاخود وەبەرهێنان لەگەڵ ئەو لایەنانەدا بکەن کە بایکۆتی ئیسڕائیل دەکەن.

هەندێک لە شارەزایان دەڵێن بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گفتوگۆیەی کە ئێستا هەیە لە واشنتن لەسەر ئەوەی ئایا یارمەتی بنێدرێت بۆ ئیسڕائیل یاخود نا، پێناچێت کۆنگرێس ڕێوشوێن دژی تورکیا بگرێتەبەر.

ماکۆڤسکی وتی " شتی زۆر گەورەترییان لە بەردەستدایە، منیش پێم وانیە سزادانی تورکیا لەسەر ئەوەی سزای بەسەر ئیسڕائیلدا سەپاندووە بابەتێکی زۆر گرنگ بێت لە ئەجێندای کۆنگرێسدا."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG