Accessibility links

تورکیا دەڵێت دەستبەرداری پشتیوانییەکانی بۆ فەڵەستینیەکان نابێت لەپێناو پەیوەندییەکی نزیکتر لەگەڵ ئیسڕائیلدا


وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆ
وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆ

وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆ وتی تورکیا لەپێناو پەیوەندییەکی نزیکتر لەگەڵ ئیسڕائیلدا دەستبەرداری پشتیوانییەکانی بۆ دەوڵەتێکی فەڵەستین نابێت، ئەم لێدوانەی ئۆغلۆ لەکاتێکدایە پێشبینی دەکرێت مانگی داهاتوو سەرۆکی ئیسڕائیل ئیسحاق هێرزۆگ سەردانی تورکیا بکات.

لە ساڵی 2018 دا دوای ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسڕائیل و تورکیا تێکچوون، دوو وڵاتەکە باڵیۆزەکانی یەکترییان دەرکرد، بەڵام ئەنقەرە کۆمەڵێک ڕێوشوێنی گرتۆتەبەر بۆ باشکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا، بە ئیسڕائیلیشەوە.

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وتی پێدەچێت سەرۆکی ئیسڕائیل ئیسحاق هێرزۆگ لە ناوەڕاستی مانگی سێدا سەردانی تورکیا بکات و تاوتوێی هاریکارییەکانی نێوانیان بکەن لە بواری وزەدا. تاوەکو ئێستا هێرزۆگ سەردانەکەی پشتڕاست نەکردۆتەوە.

تورکیا کە پشتیوانی لە چارەسەری دوو دەوڵەت دەکات بۆ ململانێکانی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینییەکان، سەرکۆنەی بوونی ئیسڕائیلی کردووە لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوا، هەروەها سەرکۆنەی سیاسەتی ئیسڕائیلی کردووە بەرامبەر فەڵەستینیەکان، هاوکات ئیسڕائیل داوای لە تورکیا کردووە چیتر پشتیوانی لە گروپی چەکداری حەماسی فەڵەستینییەکان نەکات کە غەزە بەڕێوەدەبەن.

وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆ لە ئەنقەرە بە ڕۆژنامەنووسانی وت " گرتنەبەری هەر هەنگاوێک لەگەڵ ئیسڕائیلدا سەبارەت بە پەیوەندییەکانمان، هەر ئاساییکردنەوەیەک لە پەیوەندییەکانی نێوانمان، لەسەر حسابی پرسی فەڵەستینیەکان نابێت، وەکو هەندێک لە وڵاتانی دیکە." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ هەندێک لە وڵاتانی کەنداو کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسڕائیلدا ئاساییکردۆتەوە.

وتیشی " هەڵوێستمان ئاشکرایە. ئەم ئاساییکردنەوەی پەیوەندییانە لەوانەیە ڕۆڵی تورکیا لە چارەسەری دوو دەوڵەتدا تۆزێک زیاتر بکات، وەکو وڵاتێک کە لە پەیوەندییدا دەبێت لەگەڵ ئیسڕائیل و فەڵەستینیەکانیشدا، بەڵام هەرگیز پشت لە بنچینە سەرەکییەکانمان ناکەین."

هەندێک لە وڵاتانی کەنداو لە ساڵی 2020 دا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسڕائیلدا ئاساییکردەوە و فەڵەستینییەکانیشیان دڵنیا کردۆتەوە لەسەر ئەوەی دەستبەردای پرسی بوون بە دەوڵەتیان نابن، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ڕابەرانی فەڵەستینییەکان ڕەخنەی توندییان لە ڕێکەوتنەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان گرت و بە ناپاکی لە پرسی فەڵەستینییەکان ناودێرییان کردن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG