Accessibility links

ئەردۆغان دەڵێت تورکیا تاکە وڵاتی ناتۆیە کە ڕووبەڕوو شکستی بە داعش هێناوە


ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئانادۆڵوی تورکیا دەڵێت ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا گوتویەتی وڵاتەکەی تاکە ئەندامی ناتۆیە کە لە سوریا ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی داعش بووەتەوە و شکستی پـێهێناوە.

ئەردۆغان ئەمڕۆ دووشەممە لە وتارێکیدا لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ناتۆ لە ئەنکەرە گوتیشی "ناوچەیەکیان لە تێرۆرستان لە سوریا پاککردووەتەوە و بەهۆیەوە نزیکەی 320 هەزار سوری ئاوارە گەڕاونەتەوە."

پاشان ڕەخنەی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا گرت لەسەر پشتیوانیکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات و گوتی" هیچ پاساوێک بۆ هاوپەیمانانمان نیـیە ڕێکخراوێکی تێرۆرستی بڕچەک بکەن کە لولەی تفەنگەکانیان ئاڕاستەی وڵاتەکەمان کردووە و هاوڵاتی ئێمەیان کوشتووە و دواتر ڕێبەرانی ئەو تێرۆرستانە لەلایەن کاربەدەستانی باڵای ئەو وڵاتە هاوپەیمانانەوە لەسەر فەرشی سوور پـێشوازییان لێدەکرێت."

سەرۆکی تورکیا لە بەشێکی وتارەکەی بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ڕەخنەی لە ئەمەریکا گرت لەسەر ڕادەستنەکردنی فەتحوڵڵا گولەن، پـیاوی ئاینی تورکی ئەوەی ئەنکەرە بە نەخشە داڕێژەری هەوڵی کودەتاکەی ساڵی 2016 تاوانباری دەکات. گوتی"هێشتا ڕێکخراوی گولەنی تێرۆرستی بەردەوامە لە چالاکیـیە وێرانکەرەکانی لە دژی وڵاتەکەمان لە دەرەوە، بە داخەوە هەندێک وڵاتی هاوپەیمانانمان ڕێگە بە هەڵهاتنی ڕێبەر و ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە دەدەن کە دەستیان لە هەوڵی کودەتاکە هەبووە.

فەتحوڵڵا گولەن لەوەتای ساڵی 1999 وە تورکیای جێهێشتووە و لە ئەمەریکا دەژی لە ویلایەتی پەنسلڤانیا.

XS
SM
MD
LG