Accessibility links

تورکیا دەڵێت زیاتر لە 750 کەسی دەسـتگیرکردووە بە گومانی پەیوەندی بە داعشەوە


ڕاگەیاندنی دەوڵەتی تورکیا دەڵێت لە هەڵمەتێـکی گەورەی حکومەت لە دژی داعش لە ناو وڵاتەکە هێزەکانی ئاسایش زیاتر لە 750 کەسیان دەسـتگیرکردووە بە گومانی پەیوەندیـیان بەو ڕێکخراوە تێرۆرستیـیە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئانادۆڵو ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند لە قۆناغی یەکەمی هەڵمەتەکە کە لە ڕۆژی یەکشەممەوە دەسـتیپـێکردووە، نزیکەی 450 کەس دەسـتگیرکران، بەڵام هەتا ئەمڕۆ گەیشتووەتە 763 کەس.

ئاژانسەکە دەشڵێت هەڵمەتەکان لە 29 پارێزگای پارێزگای وڵاتەکە ئەنجامدراون و تیایاندا جگە لە دەسـتگیرکردنی ئەو کەسانە، بەڵگەنامە و چەک و فیشەک دەسـتیان بەسەرداگیراوە.

بەپـێی ئانادۆڵو بەڕێوەبەرایەتی پـۆلیسی وڵاتەکە گوتویەتی داعش بە نیازبووە کاری سەرنج ڕاکێش لە وڵاتەکە ئەنجام بدات بە شێوەیەک لە میدیاکاندا دەنگ بداتەوە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە داعش بەرپـرسیارێتی خۆی لەو هێرشە تێرۆرستیـیە ڕاگەیاند کە لە شەوی سەری ساڵی ئەمساڵدا کرایە سەر یانەیەکی شەوانەی ئستەنبوڵ و لە ئاکامدا 39 کەس کوژران کە زۆربەیان گەشتیاری بیانی بوون.

XS
SM
MD
LG