Accessibility links

تورکیا دەڵێت بە ڕێکەوتنی کۆتایی لەگەڵ ئەمەریکا گەیشتووە بۆ ئۆپەراسیۆنی دژی داعش


وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت کاربەدەسـتانی وڵاتەکەیان و ئەمەریکا تەواوبوون لە "وتووێژە تەکنیـیەکان" لە بارەی چۆنێتی هاوکاریکردن لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش.

مەولود چاووشئۆغڵوو وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕۆژی سێشەممە بە پەیامنێرانی گوت کاربەدەسـتانی لەشکری تورکیا و ئەمەریکا بە ڕێکەوتنێـک گەیشتن لە بارەی مەسەلە تەکنیکیـیەکان و ئەو ڕێوشوێنانەی پـێویستن لە ئۆپەراسیۆنەکانیاندا لە دژی داعش بیگرنەبەر.

چاووشئۆغڵوو هیچ وردەکاری زیاتری نەدا، بەڵام گوتی بەم زووانە بە هەماهەنگی دەسـتدەکەن بە ئۆپەراسیۆنێـکی بەرفراوان لە دژی داعش.

پـێشتر جۆش ئێرنست سکرتێری ڕۆژنامەگەری کۆشکی سـپی گوتی کاربەدەسـتانی ئەمەریکا و تورکیا وتووێژیان ئەنجامداوە بە مەبەستی پتەوکردنی پەیوەندیـیەکانی نێوانیان بۆ جێبەجێکردنی ستراتیژیـیەتی " لاوازکردن و لەناوبردنی داعش لە کۆتاییدا" و هەروەها گرتنەبەری ڕێوشوێنی باشتر بە درێژایی سنوورەکانی تورکیا لەگەڵ سوریادا.

جێی ئاماژەیە لە مانگی ڕابردووەوە تورکیا ڕایگەیاند هێرشی ئاسمانی دژی داعش لە سوریا دەسـتپـێکردووە و هەروەها مۆڵەتی بە ئەمەریکا داوە بنکەیەکی ئاسمانی گرنگ لە نزیک سنووری سوریا بەکاربهێنێت بۆ لێدانی داعش.

ئەم هەنگاوەی تورکیا پاش کوژرانی سەربازێـکی تورک بوو بە دەسـتی چەکدارانی داعش لە نزیک سنووری سوریا.

ئەمەریکا لەم مانگەدا دەسـتیکرد بە یەکەم هێرشە ئاسمانیـیەکانی خۆی بۆ سەر داعش لە بنکەی ئاسمانی ئنچەرلیکی تورکیاوە.

XS
SM
MD
LG