Accessibility links

سەرۆک وەزیری تورکیا: تەنها تورکیا بە کردار شەڕی دژی داعش دەکات

  • VOA News

سەرۆک وەزیری تورکیا ڕەخنەی لە ئەمەریکا و هەموو جیهان گرت و دەڵێت بۆ شەڕی داعش هیچ ناکەن و تەنها بە قسە لە دژی داعشن و ئەوەی بە کردەوە شەڕی داعش دەکات تەنها تورکیایە.

بن عەلی یەڵدرم ئەمڕۆ سێشەممە لە ئەنکەرە لە وتارێـکیدا بۆ پەرلەمانتارانی سەر بە پارتەکەی (ئاکەپە)، گوتی هەموو جیهان باسی داعش دەکات، بەڵام تەنها بە قسە ڕووبەڕووی دەبنەوە، ئەمەریکاش هیچی پێناکرێت و ئەوانی تریش جگە لە قسە هیچیان لە باردا نیـیە.

پاشان ڕەخنەی لە بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ئۆباما گرت و گوتی بە ئاشکرایی چەک دەدات بە یەپەگە و پەیەدە، ئەمەش لەگەڵ دۆستایەتی نێوان هەردوو وڵات ناگونجێت. گوتیشی بەکارهێنانی یەپەگە لە لایەن ئەمەریکاوە بۆ شەڕی دژی داعش، وەکو ئەوە وایە بۆ لەناوبردنی مافیایەک پەنا بۆ مافیایەکی دیکە بەریت.

داواشی لە بەڕێوبەراتی داهاتووی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ کرد یارمەتی یەپەگە ڕابگرێت و چیتر نەهێڵێت ڕێکخراوێـکی بە گوتەی خۆی تێرۆرستی پەیوەندی سـتراتیژی نێوان ئەمەریکا و تورکیا تێـکبدات.

هەروەها لە بارەی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات زانیاری دا و گوتی لەوەتای لە 24 ی مانگی هەشتی ساڵی ڕابردووەوە هێزەکانی تورکیا و بەشێـک لە هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا لە باکوری سوریا دەسـتیانپـێکردووە 1270 کەسی سەر بە داعش کوژراون.

XS
SM
MD
LG