Accessibility links

جەبار یاوەر: حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەو توانا سەربازییەی نییە کە نەھێڵێ تورکیا ناوچە سنوورییەکانی بۆردومان بکات


فه‌ریق ڕوكن جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌

پرسیاری ئه‌وه‌یه‌ بۆچی بەرپرسانی کورد لە کاتی تۆپبارانەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی ھەرێمی کوردستان، زۆرتر داوا لە حکومەتی عێراق دەکەن سەروەری خاکی عێراق بپارێزێ؟

لە کۆبوونەوەکەی شه‌مه‌ی پەرلەمانی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی چەند پێشنیارێکی یاسایی، ئیدانەی بۆردومانی ناوچە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتی تورکیاوە کرا و پەرلەمان داوای ئەوەی لە حکومەتی عێراق ھەبوو کە سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان بپارێزێ و زیانلێکەوتوانیش قەرەبوو بکرێنەوە.

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ئایا لەبەرچی بەرپرسانی کورد لە کاتی تۆپبارانەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی ھەرێمی کوردستان، زۆرتر داوا لە حکومەتی عێراق دەکەن سەروەری خاکی عێراق بپارێزێ و کەمتر بە ناوی ھەرێمی کوردستانەوە قسە دەکەن؟ جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی:

"لەبارەی ئەو تۆپبارانانە حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە رووی یاسایی و دەستوورییەوە ناتوانێت نە ھیچ رێککەوتنێک لەگەڵ وڵاتێکی دراوسێی سەر سنوور بکات نە توانای شکایەتکردنی ھەیە لە دام و دەزگا نێو نەتەوەییەکان، نە ئەو توانا سەربازییەی ھەیە کە نەھێڵێ سنووری ھەرێمی کوردستان بۆردومان بکرێت، تەنانەت زانیاری ئەوەشی لا نیە کە بزانێت کەی فڕۆکە دێت و کوێ بۆردوومان دەکات و ھی چ وڵاتێکیشە؛ بۆیە ھەر لەبەر ئەم ھۆکارانە بەیاننامەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەم شێوەیەن."

لەبارەی ئەوەیش کە بۆچی لە بەیاننامەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان زۆرتر ئیدانەی پەکەکە دەکرێت و ئیدانەی تورکیا ناکرێت،

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی: ئێمە وەک وەزارەتی پێشمەرگە ھیچ بەیاننامەیەکی فەرمیمان نەبووە، بەیاننامەکان لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە دەردەچن، وە ھەردوو سەرۆکایەتییەکە بەیاننامەیان دژ بە تۆپبارانکردنی سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان دەرکردووە و داوا کراوە تۆپباران و بۆردومانەکان نەبن بە ھۆکاری شەھیدکردنی خەڵکی سڤیل، بەڵام ئەوەی کە دەبینرێ بیانووی تورکیا بۆ تۆپباران و بۆردومانەکانی سنوور و ئەنجامدانی کردەی سەربازی، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ململانێ توندوتیژە سەربازییەی لە نێوان پەکەکە و تورکیادا ھەیە، کە ئەمەیش مێژوویەکی کۆنی ھەیە و لە ناوەڕاستی ھەشتاکانەوە تاوەکو ئێستا بەردەوامە و بێ چارەسەر ماوەتەوە، بۆیەش زۆرتر لە بەیاننامەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا باس لەو بیانووەی تورکیا دەکرێت کە پەکەکەیە.

وتووێژی په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا نارین رۆسته‌م له‌ گه‌ڵ جه‌بار یاوه‌ر

please wait

No media source currently available

0:00 0:07:18 0:00

XS
SM
MD
LG