Accessibility links

وەزیری دەرەوەی تورکیا پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ عێراق نیشان دەدات


ەزیری دەرەوەی تورکیا پـیرۆزبایی لە عێراق دەکات بەبۆنەی ڕزگارکردنی شاری موسڵ لە داعش و هەروەها خۆشحاڵی خۆی دەربڕی لە بەرامبەر دەسـتپـێکردنی ئۆپەراسیۆنەکان بۆ ڕزگارکردنی شاری تەلەعفەر.

مەولود چاوش‌ئۆغڵو ئەمڕۆ چوارشەممە گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق و لەوێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ ئیبراهیم جەعفەری هاوتا عێراقیـیەکەی گوتی تورکیا خوشحاڵە بەو سەرکەوتنانەی عێراقیـیەکان لە شاری موسڵ لە دژی داعش تۆماریانکردووە، وە بەو بۆنەیەوە پـیرۆزبایی‌یان لێدەکات. گوتیشی خۆشحاڵن بە دەسـتپێکردنی هەڵمەتی ڕزگارکردنی تەلەعفەر، بەڵام جەختی لەوە کرد کە دەبێت ناسنامە تورکمانیـیەکەی ئەم شارە پارێزراوبێت. هیواشی خواست تەواوی ناوچەکانی عێراق لە داعش ڕزگاربکرێن و ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ بەشداریکردن لە سەرلەنوێ بنیادنانەوەی ئەو ناوچانەی لە داعش ڕزگارکراون. جەختی لەوەش کرد تورکیا پشتیوانی دەکات لە یەکگرتوویی تەواوی خاکی عێراق.

پاشان گوتی لەگەڵ عێراقدا کاردەکەن بۆ شەڕی دژی هەموو گروپە چەکدار و تێرۆرستیـیەکان و تورکیا بە هەموو توانایەکیەوە پاڵپشتی عێراق دەکات بۆ نەهشتنی پەکەکە لەسەر خاکەکەی کە جێی مەترسیـیە بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی عێراق.

گوتیشی کاردەکەن بۆ زیاترکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پەیوەندیـیە ئابوریـیەکانی نێوان هەردوو وڵات.

پاشان لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری کەناڵی ڕووداو کە تورکیا چۆن لەو وتووێژانەی ئێستای نێوان بەغدا هەولێر دەڕوانێت؟. چاوش‌ئۆغڵو گوتی ئەوان خوازیارن هەموو کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لە چوارچێوەی سنوور و یەکپارچەیی خاکی عێراقدا چارەسەربکرێن، بەڵام گوتیشی ئەو مافانەی هەولێر داوایان دەکات ئەوانەش گرنگن و دەبێت هەولێریش سوود لەو مافانە وەربگرێت کە لە چوارچێوەی عێراقدا داوایان دەکات. جەختی لەوەش کرد کە هەمیشە پشـتیوانی هەرێمیان کردووە و بە تایبەتی مەشق و ڕاهێنان بە پـێشمەرگە کردووە و پـێداویستیەکانیان بۆ دابینکردوون بە مەبەستی شەڕی دژی داعش.

گوتیشی هەرێمیان بە ڕاشکاوانە ئاگادارکردووەتەوە لەو هەڵانەی کردوونی، لەوانە بەرزکردنەوەی ئاڵای هەرێم لە دامودەزگا فەرمییەکانی کەرکوک کە بە گوتەی خۆی کارێـکە پـێچەوانەی دەستوری عێراقە. گوتیشی بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیش ئەویش بڕیارێـکی هەڵەیە و کاربەدەستانی هەرێمیان ئاگادارکردووەتەوە، وە ئەمڕۆش کە سەردانی شاری هەولێر دەکات جارێکی دیکە ئاگادارکردنەوەکەی تورکیا دووبارە دەکاتەوە.

هەروەها لە لایەن پەیامنێرێـکی دیکەوە لە بارەی ڕیفرداندۆمی هەرێمی کوردستانەوە پـرسیاری لێکرایەوە و گوتی چاوەڕێی دەکەن هەولێر لە بڕیاری ڕیفراندۆمەکە پاشگەزببێتەوە و بە ڕوون و ئاشکرایی ئەم بڕیارەی هەڵبوەشێنێتەوە.

پاشان لە وەڵامی پـرسیاری پەیامنێری کەناڵێکی تەلەفیزیۆنی ئوردن سەبارەت بە کردنەوەی سەربازەگەی تورکی لە ناوچەی باشیکی موسڵ، چاوش‌ئۆغڵو گوتی ئەو سەربازگەیە بۆ پـێشێلکردنی یەکپارچەیی خاکی عێراق نەکراوەتەوە، بەڵکو بۆ مەشق و ڕاهێنانە بە عێراقیـیەکان و دابینکردنی پـێدوایستیەکانە بۆیان بۆ شەڕی داعش. گوتیشی ئەو هێزانە ڕۆڵیان لە ڕزگارکردنی موسڵدا بینیوە و بەهۆی ئەو سەربازگەیەوە 700 چەکداری داعش کوژراون.

وەزیری دەرەوەی عێراقیش لای خۆیەوە پـێشوازی لە چاوش‌ئۆغڵو کرد و گوتی لە میانەی کۆبوونەوەکاناندا چەندان بابەتی گرنگی نێوان هەردوو وڵاتیان تاووتوێکردووە.

پـێشتر وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە بەیانـنامەیەکدا ڕایگەیاند مەولود چاوش‌ئۆغڵو ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەغدا چاوی دەکەوێت بە فوئاد مەعسوم سەرۆکی عێراق و حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیر و ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوە و سەلیم جبوری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.

XS
SM
MD
LG