Accessibility links

تورکیا هێزی لەشکری زیاتر ڕەوانەی نزیک سنووری عێراق دەکات


کاربەدەسـتانی لەشکری تورکیا دەڵێن هێزی زیاتر ڕەوانەی نزیک سنووری عێراق دەکەن و لە ئێستادا کاروانێـکی لەشکری بەڕێوەیە کە نزیکەی 30 ماشێنیان لەگەڵدایە بە تانک و زرێپـۆش و تۆپەوە.

بەپـێی سەرچاوە لەشکریـیەکان بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ئەو هێزانە لە بنکەکانیان لە ئەنکەرە و شاری چانکرێی ناوەندی وڵاتەکە دەرچوون بەرەو ناوچەی سلۆپی لە نزیک سنوور.

هاوکات فکری ئیشق وەزیری بەرگری تورکیا لە چاوپـێکەوتنێـکی تەلەفیزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی ATV ی وڵاتەکەی گوتی ناردنی ئەم هێزانە لە چوارچێوەی ئەو ئامادەکاریـیانەیە کە تورکیا لە ناوەوە و دەرەوە دەیکات بۆ شەڕی تێرۆر. گوتیشی پـێشهاتەی گرنگ لە ناوچەکەدا بەڕێوەن، بۆیە دەبێت تورکیا پـێشتر ئامادەکاری بۆ هەموو ئەگەرەکان بکات.

پاشان گوتی تورکیا هێڵی سووری لە ناو عێراقدا داناوە و ئەگەربێت و ئەو هێڵە سوورانە ببەزێنرێن ئەوا تورکیا بەبێ هیچ دوودڵیـیەک ڕێوشوێنی پـێویست لە بەرامبەردا دەگرێتەبەر. گوتیشی هێڵە سوورەکان بریتین لە هەوڵی گۆڕینی دیموگرافی لە پارێزگای نەینەوا و زیادبوونی هەڕەشە تێرۆرستیـیەکان بۆ سەر تورکیا. جەختی لەوەکرد وڵاتەکەی ڕێگە نادات پەکەکە لە ناوچەی شەنگال بمێنێتەوە.

جێی ئاماژەیە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا ڕۆژی شەممە گوتی وڵاتەکەی هێزی زیاتر ڕەوانەی ناوچەکە دەکات و ئەگەر بێت و چەکدارانی شیعە ببنە مایەی نانەوەی ترس و تۆقاندن لە ناو شاری تەلەعفەر ئەوا کاردانەوەیەکی جیاوازیان دەبێت.

XS
SM
MD
LG