Accessibility links

تورکیا: لەگەڵ بەغدا ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە دژی پەکەکە لە عێراق ئەنجام دەدەین


وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێراق ئۆپەراسیۆنێکی لەشکری هاوبەش لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان لە باکوری عێراق ئەنجام دەدەن.

کەناڵی CNN Turk ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە زاری مەولود چاوش‌ئۆغڵو ئەم هەواڵەی بڵاوکردەوە، دەشڵێت گوتویەتی ڕەنگە ئەو ئۆپەراسیۆنە هاوبەشە لە پاش هەڵبژاردنە گشتیـیەکانی عێراق لە مانگی پـێنج بەڕێوەبچێت.

چاوش‌ئۆغڵو کە لێدوانی بۆ ڕژنامەوانان دابوو لە میانەی گەشتەکەی لە ئەڵمانیاوە بەرەو نەمسا، گوتوشیەتی ئۆپەراسیۆنی عەفرین کە لە 20 مانگی یەکەوە دەسـتیپـێکردووە، لە مانگی پـێنجدا بە کۆتایی دەگات.

بەپـێی ئەم لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی تورکیا، پـێدەچێت ئەنکەرە بەنیازبێت لە پاش شەڕی عەفرین ڕوو لە قەندیل بکات، ئەو ناوچەیەی پارتی کرێکارانی کوردستان لەوەتای ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوەوە بنکە و بارەگاکانی لێـیە.

کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئەلحوڕە پەیوەندی بە سەعەد ئەلحەدیثی گوتەبێژی حکومەتی عێراق کرد، بەڵام ناوبراو ئامادە نەبووە لەم بارەیەوە هیچ لێدوانێک بدات.

XS
SM
MD
LG