وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی داوای لە وڵاتەکەی کردووە یارمەتی بدەن لە ئاسایـیکردنەوەی پەیوەندیـیەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
مەولود چاوشئۆغڵو ئەمڕۆ چوارشەممە لە چاوپـێکەوتنێکی لەگەڵ ژمارەیەک سەرنووسەر لە ئاژانسی دەنگوباسی ئانادۆڵوی تورکیا ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی لە 21 ی ئەم مانگی یەکە سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ کاربەدەستانی باڵای عێراق کۆدەبێتەوە و تاووتوێی بابەتەکانی جێی گرنگی هەردوو وڵات دەکەن و لەگەڵیدا باس لە پـرسی هەرێم دەکەن.
باسی لەوەش کرد حکومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆیان ڕوونبووەتەوە ئەو ڕیفراندۆمەی ئەنجامیاندابوو هەڵە بوو. گوتیشی نەک دەستکەوتیان نەبوو، بەڵکو ئەو دەستکەوتانەشی وەک دیفاکتۆ بەدەستیان هێنابوون لە دەستیان دان.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پـرسی ڕیفراندۆمدا نەبووە، بەڵام وەک سەرۆک وەزیر پابەندی ڕێکەوتنێک بووە.
پاشان گوتی پـێویستە هەرێمی کوردستان بە ڕوونی دان بەوەدا بنێت پابەندی دەستوری عێراقە و چیتر هەنگاوی هاوشێوەی ڕیفراندۆم نانێت کە مایەی هەڕەشەبن بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی عێراق.
هیواشی خواست بە زووترین کات کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە چوارچێوەی یەکپارچەیی خاکی عێراق چارەسەربکرێن.