Accessibility links

لە دەڤەری سیدەکان دوو ئەفسەری پلە باڵای عێراقی بەهۆی بۆردومانی تورکیا گیانیان لەدەستدا


لە دەڤەری سیدەکانی سەر بە قەزای سۆران لە ئاکامی بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا دوو فەرماندەی باڵای پاسەوانی سنورەکانی عێراق کە سەر بە لیوای دووی پاسەوانی سنورن گیانیان لەدەستدا، بەپێی زانیاریەکان دوو کەسی تریش برینداربوون، تەرمی ئەو دوو فەرماندەیە گەیەندرایە پزیشکی دادی سۆران و دواتر ڕادەستی کەسوکاریان کرایەوە.

کرمانج عیزەت قایمقامی قەزای سۆران بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت: پاسەوانانی عێراقی ویستویانە هەندێک خاڵی خۆیان وەکو چاودێری لەسەر سنورەکان زیاد بکەن بۆ ئەوەی شەڕی پەکەکە و تورکیا نەگاتە ناوچە ئاوەدانەکان و خەڵکی مەدەنی بەڵام لە ئاکامی ئەو پێشڕەویە، فرۆکەکانی تورکیا بۆردومانی کردون و لە ئەنجامدا ئۆتۆمبێلێک سوتا کە تێیدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا و دووی کەسی تریش برینداربوون.

سەبارەت بە هۆکاری بۆردومانی پاسەوانانی سنوری عێراقی لە لایەن فرۆکەکانی تورکیاوە

قایمقامی قەزای سۆران دەڵێت" دەبێت لیژنەی لێکۆڵینەوەی وەزارەتی بەرگری عێراقی هۆکارەکە یەکلایی بکاتەوە، ئەو مەوقعە گەرماو گەرمە و لەناو کێشەکانە و نا ئارامە و لە ژێر چاودێری تورکیا و پەکەکەدایە و بەو ناوچەیە دەڵێن بێرمێ دینداران کاتژمێرێک لە سیدەکانەوە دورە و نزیکە لە سنور".

لە لایەکی ترەوە ستار سەلیم بەڕێوەبەری پزیشکی دادی سۆران بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت " تەرمی دوو ئەفسەری پلەباڵای حکومەتی عێراق لە پاسەوانانی سنور گەیشتە پەیمانگەی پزیشکی دادی سۆران و کاری پێویستمان بۆ ئەنجامدا و بریندارێکیش گەیەندرایە نەخۆشخانەی ئاشتی، تەرمەکانیان کاری پێویستیان بۆ کراوە و ڕادەستی کەسوکاریان کرایەوە یەکێکیان خەڵکی هەولێر بوو و ئەوەی تریش خەڵکی سنوری قەزای سۆران بوو".

شایەنی باسە ئەو دوو ئەفسەرەی کە بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیاوە گیانیان لەدەستدا یەکێکیان ناوی محەمەد ڕەشیدە فەرماندەی لیوای 2ی پاسەوانی سنورە و ئەوەی تریش بەناوی عەمید زوبێر حالیە فەرماندەی فەوجی3 ی پاسەوانی سنورە و هەردووکیان کورد بوون و خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون.

XS
SM
MD
LG