Accessibility links

سەرۆکی تورکیا هەڕەشەی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات

  • VOA News

سەرۆکی تورکیا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد وڵاتەکەی لە توانایدایە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جیهان ڕابگرێت، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لە هەرێمی کوردستاندا.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ دووشەممە لە وتارێکیدا لە ئستەنبوڵ گوتی" لە ئەمڕۆوە با ببینین هەرێمی کوردی لە عێراق نەوتی خۆی بە کێ دەفرۆشێت؟ قفڵی لولە نەوتەکەی لای ئێمەیە و کە گرتمانەوە هەموو شتێـک کۆتایی پێ‌دێت."

گوتیشی دەروازە سنووریـیەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە تەواوی دادەخرێن و لە ماوەی ئەم هەفتەیە ڕێوشوێنی خۆیان لە بەرامبەر هەرێم دەخەنە ڕوو.

ئەردۆغان ڕووی دەمی کردە ئامادەبووانی کۆنگرەکە و گوتی" دەمەوێت شتێـکی گرنگ بزانن، ئەویش لەسەر ئاستی سیاسی و ئابوری و بازرگانی و ئاسایشی هەنگاو دەنێن."

هەروەها هەڕەشەی لەشکریشی کرد و گوتی "لە ئێستادا هێزە چەکدارەکانمان لە سلوپین لەسەر سنوورەکانی عێراق و بە ئەرکەکانیان هەڵدەستن. هەروەها ئێرانیش بە ئەرکی خۆی هەڵدەستێت و هێزی ئاسمانیمان لە ئامادەباشیدان و ڕێگە نادەین لە تورکیاوە کەس بەرەو عێراق بپەڕێتەوە."

جەختی لەوەش کرد ئەنکەرە ڕیفراندۆمەکە بە ناشەرعی ناودێردەکات و بێ لەوەی سەیری ئەنجامەکەی بکات بە پوچەڵی دادەنێت. گوتیشی بڕیاری ئەنجامدانی ئەم ڕیفراندۆمە "بۆنی هەلپەرستی لێوەدێت."

ئەردۆغان هەروەها هەڕەشەی لە کوردەکانی سوریا کرد و گوتی ڕێگە نادەین لەوێش قەوارەیەک دروستبکرێت و لە هەر کاتێـکدا بیانەوێت دەچنە ناو سوریا وەک چۆن لە جەراپلوس و ئەلباب چوونە ناو سوریا.

XS
SM
MD
LG