Accessibility links

تورکیا جەخت لە بەرهەڵستی خۆی بۆ پـرسی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە

  • VOA News

تورکیا جەختی لە هەڵوێستی خۆی کردەوە لە بەرامبەر پـرسی ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان، ئەمەش پاش ئەو ڕاپـۆرتانەی بڵاوکرانەوە کە تیایاندا نووسراوە ئەنکەرە لە بەرامبەر ڕیفراندۆمەکە نەرمبووەتەوە.

ئاژانسی ئانادۆڵوی دەوڵەتی تورکیا ڕایگەیاند حسێن موفتی ئۆغڵو گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەیانـنامەیەکدا گوتویەتی هەڵوێستی وڵاتەکەی هیچ گومانی لەسەر نیـیە، ئەویش یەکگرتوویی سیاسی و یەکپارچەیی خاکی عێراق لە بنەماکانی سیاسەتی دەرەوەی تورکیایە و هیچ لێی پاشگەزنابێتەوە.

گوتیشی حکومەتی تورکیا لە دژی بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی، وە هیچ گۆڕانکاریـیەک بەسەر ئەم هەڵوێستەی نەهاتووە.

ئانادۆڵو دەڵێت لەم دوایـیانە چەند میدیایەکی هەرێمی کوردستان ئیدیعایانکردووە گوایە تورکیا بە چەند مەرجێک ڕیفراندۆمەکە پەسەنددەکات. گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بە تەواوی ئەو هەواڵانەی ڕەتکردووەتەوە و گوتویەتی هیچ بنەمایەکی ڕاستیان نیـیە.

پـێشتر تورکیا لە زاری کاربەدەسـتانی باڵایەوە ڕایگەیاندووە دەنگدان بۆ سەربەخۆیی هەڵەیەکی گەورە دەبێت و بۆی هەیە ئەنجامی نەخوازراوی بۆ سەر ئاسایش و ئاشتی هەرێمەکەی لێبکەوێتەوە

XS
SM
MD
LG