Accessibility links

جێگری سەرۆک وەزیری تورکیا: لەسەر داوای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەشکری تورکیا لە عێراقە


جێگری سەرۆک وەزیری تورکیا دەڵێت لەشکری تورکیا کە لە ئێسـتادا لە سەربازگەی بەعشیقەی موسڵە لە باکوری عێراق لەسەر داوای حکومەتی هەرێمی کوردسـتانە.

نوعمان قورتولموش کە گوتەبێژی حکومەتی وڵاتەکەشیەتی ئەمڕۆ چوارشەممە بە پەیامنێرانی گوت" تورکیا ڕێگە نادات قسە لەسەر مەسەلەی سەربازگەی بەعشیقە بکرێت، چونکە هەموو دەزانن بەڕێوەبەرایەتی خۆجێی لە باکوری عێراق و حکومەتی بارزانی داوای لە یەکەکانی تورکیا کردووە مەشق و ڕاهێنان بە هێزە خۆجێـیەکان بکەن بە مەبەستی ڕزگارکردنی موسڵ."

گوتیشی وڵاتەکەی ئامادەیە هاوکاری بکات لەگەڵ حکومەتی ناوەندی لە بەغدا لە پـێناو پاککردنەوەی عێراق لە ڕێـکخراوە تێرۆرسـتیـیەکان. باسی لەوەش کرد تورکیا هەر لە سەرەتاوە ناڕەزایەتی خۆی دەربڕیوە لە بەرامبەر مانەوەی موسڵ لە ژێر دەسـتی داعش و ڕێـکخراوە تێرۆرسـیتەکانی دیکە.

جەختی لەوەش کرد وڵاتەکەی ئامانجی نیـیە ببێتە هێزێـکی داگیرکەر و بوونی لەشکری تورکیا لە عێراق تەنها بۆ بەدیهێنانی سەقامگیریـیە لەم کاتەی وڵاتەکە زۆر دابەشبووە.

پاشان گوتی عێراق بۆ عێراقیـیەکانە و سوریاش بۆ سوریـیەکانە و تورکیا ڕێگە بە هیچ ڕێـکخراوێـکی تێرۆرستی نادات گۆڕانکاری نەژادی و دیموگرافی تیایاندا بکات، وە دەبێت عێراق و هەرچ وڵاتێـکی دیکە ڕێگە بەوە نەدات.

جێی ئاماژەیە دوێنێ سێشەممە پەرلەمانی عێراق زۆر بە توندی بوونی لەشکری تورکیای لە باکوری وڵاتەکەی سەرزەنشت کرد و داوای لە حکومەت کرد ڕێوشوێنی یاسایی و دیپـلۆماسی بگرێتەبەر بۆ پاراستنی سەروەری وڵاتەکەی.

XS
SM
MD
LG