Accessibility links

عێراق 188 منداڵی خێزانە داعشە تورکەکان ڕادەستی وڵاتەکەیان دەکاتەوە


عەبدولسەتار بەیرقدار، گوتەبێژی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق

گوتەبێژی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق دەڵێت دەیان منداڵی خێزانە تورکەکانی ناو داعشی ڕادەستی تورکیا کردووە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی حکومی هەردوو وڵات و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیـیەکان.

ماڵپەڕی ئەنجومەنی دادوەری عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند عەبدولسەتار بەیرقدار گوتویەتی"دادگای لێکۆڵینەوەی ناوەندی کە بەرپـرسە لە کەیسەکانی تێرۆر و تاوانبارە بیانیـیەکان، 188 منداڵی ڕادەستی تورکیا کردووە کە داعش لە دوای خۆیدا لە عێراق جێیهێشتوون."

گوتوشیەتی لە نێویاندا کەسانی باڵغ هەن کە تاوانبارکرابوون بە بەزاندنی سنوور و ماوەی حوکمەکانیان تەواوبووە. باسی لەوەش کرد ڕادەستکردنەکە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوەی عێراق و باڵیۆزخانەی تورکیا و ڕێکخراوی نێودەوڵەتیـیەکانی وەکو یونیسێف کراوە.

هەروەها گوتی دەزگای دادوەری سەرپەرشتی پـرۆسەکەی کردووە هەتا ئەو ساتەی منداڵەکان سواری ئەو فڕۆکەیە کراون کە بردونیەتەوە بۆ وڵاتەکەیان.

جێی ئاماژەیە هەفتەی ڕابردوو فاتح یڵدز باڵیۆزی تورکیا بۆ عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئانادۆڵو گوتی وڵاتەکەی دەیەوێت بەر لە جەژنی ڕەمەزان ژمارەیەکی زۆری ئەو منداڵانە بگەڕێننەوە کە باوانیان پەیوەندیـیان بە داعش کردبوو لە عێراقدا.

گوتیشی خوازیارن هەموو ئەو هاوڵاتیـیە تورکانە بگەڕێننەوە کە لەو وڵاتە دەستگیرکراون.

XS
SM
MD
LG