ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌ره‌ک وه‌زیری تورکیا ئه‌و گوناهبارکردنانه‌ی ڕه‌ت کرده‌وه سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ده‌یه‌وێت ئاگری جیاوازی تایفه‌یی له عێراقدا خۆشبکات و هه‌روه‌ها هاوشانه عێراقیه‌که‌ی گوناهبار کرد به‌وه‌ی هه‌وڵده‌دات شوینی خۆی قایم بکات.
شه‌ڕی راگه‌یاندن له نێوان ئه‌م دوو وڵاته دراوسێیه له ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌وه زیادی کرد کاتێک سه‌ره‌ک وه‌زیری تورکیا ، نوری ئه‌لمالیکی سه‌ره‌ک وه‌زیری عێراقی به تاکڕه‌وی و نانه‌وه‌ی پشیوی له نێوان پێکهاته‌کانی عێراقدا گوناهبار کرد ، واته له نێوان شیعه و سوننه و کورددا.
له به‌رامبه‌ریشدا سه‌ره‌ک وه‌زیری عێراق تورکیای به وڵاتێکی دوژمنکار ناودێر کردووه و گوتووشیه‌تی ڕاگه‌یاندنه‌کانی به‌ڕێز ئه‌ردۆغان گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ده‌ستێوه‌ردانێکی ئاشکرا له کاروباری ناوخۆی عێراقدا .
ئاژانسی ده‌نگ و باسی ڕۆیته‌رز ده‌ڵیت سه‌ره‌ک وه‌زیری تورکیا به په‌یامنێرانی گوتووه، ئانکه‌ره هیچ جیاوازیه‌ک ناکات له نێوان شیعه و سووننه و عه‌ره‌ب و کورد و تورکماندا.
عێراق له پاش ئه‌ڵمانیا دووه‌م گه‌وره‌ترین هاوبه‌شی بازرگانی تورکیایه و ته‌نها له ساڵی 2011 دا ڕێژه‌ی بازگانی نێوان به‌غدا و ئانکه‌ره گه‌یشته 12 ملیار دۆلار ، به‌لام له نیوه زیاتری ئه‌و ڕێژه‌یه بازرگانیکردن بوو له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستانی عێراقدا.
به‌غدا له ساڵی 2003وه ئانکه‌ره به ده‌ستێوه‌ردان له کاروباری وڵاته‌که‌یدا گوناهبار ده‌کات. هه‌روه‌ها شانشینی عه‌ره‌بستانی سعودیه و ئێران و سوریاش به ناسه‌قامگیری عێراق گوناهبار کراون.
شه‌ڕی قورسی ڕاگه‌یاندنی نێوان مالیکی و ئه‌ردۆغان له پاش کۆبوونه‌وه‌که‌ی سه‌ره‌ک وه‌زیری تورکیا هات له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانی عێراق.
سه‌ره‌ک وه‌زیری تورکیا له‌گه‌ڵ تارق ئه‌لهاشمی، جێگره سوننه‌که‌ی سه‌رۆکی عێراقیشدا کۆبووه‌وه.
له ڕاگه‌یاندنێکدا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی تورکیا ده‌ڵێت ئانکه‌ره خواستی ده‌ستێوه‌ردانی نییه له کاروباری ناوخۆیی عێراق و هیچ وڵاتێکی دراوسێی تورکیادا.