مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرۆکایەتی شاندێکی وڵاتەکەی گەیشتووەتە تارانی پایتەختی ئێران، ئەمەش وەک دەڵێن لە چوارچێوەی سەردانێکی فەرمیدایە.
میدیا فەرمیـیەکانی هەردوو وڵات هەواڵی سەردانەکەیان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێن بە مەبەستی وتووێژە لە بارەی بابەتە هاوبەشەکانی نێوانیان لەگەڵ مەسەلەکانی ناوچەکە، لەوانە پـێشهاتەکان لە سوریا.
چاوشئۆغڵو پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەگەڵ محەمەد جەواد زەریف هاوتا ئێرانیـیەکەی کۆبووەوە. ئاژانسی دەنگوباسی ئێرانای فەرمی ئێران دەڵێت وتووێژیان لە بارەی پەیوەندیـیەکانی هەردوو وڵاتبوون بە تایبەتی لە بواری ئابوری و ڕۆشنبیری و هەروەها مەسەلەکانی پەیوەست بە ناوچەکە، لەوانە ئەنجامەکانی کۆنگرەی سوچی، ئەوەی ڕووسیا سازیکرد بۆ بەشێک لە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن و حکومەتی سوریا.
لە لایەکی دیکە، ئیبراهیم کالن گوتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە ئەنکەرە گوتی چاوشئۆغڵو لە تارانە بە مەبەستی ئاگادارکردنەوەی کاربەدەستانی ئێران لە دوا پـێشهاتەکانی ئۆپەراسیۆنەکان لە باکوری سوریا.
گوتیشی شیانی هەیە سەرۆکانی هەرسێ وڵات (تورکیا، ئێران، ڕووسیا) لە شاری سوچی ڕووسیا کۆبوونەوەیەک سازبکەن، بەڵام نەیگوت کەی.