Accessibility links

تورکیا و ئێران لەسەر پـتەوکردنی هاوکاریـیە لەشکریـیەکانیان ڕێکدەکەون


گوتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا دەڵێت ئەنکەرە و تاران ڕێکەوتوون لەسەر پتەوکردنی هاوکاریـیە لەشکریـیەکانیان، ئەمەش پاش سەردانە سێ ڕۆژیـیەکەی سەرۆکی ئەرکانی لەشکری ئێران بۆ ئەو وڵاتە.

ئیبراهیم کالین ئەمڕۆ پـێنجشەممە ئەمەی ڕاگەیاند پاش ئەوەی جەنەڕاڵ محەمەد حوسەین باقری سەرۆکی ئەرکانی لەشکری ئێران لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە ئەنکەرە لەگەڵ کاربەدەستانی لەشکری و حکومی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی ئەنجام دا.

گوتیشی جێمس ماتیس وەزیری بەرگری ئەمەریکا لە چەند ڕۆژی داهاتوو سەردانی ئەنکەرە دەکات.

لە لایەکی دیکە جەنەڕاڵ محەمەد باقری شەوی چوارشەممە لە لێدوانیدا بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی فەرمی ئێران (ئیرنا)، گوتویەتی خۆی و شاندی یاوەری لەگەڵ کاربەدەستانی تورک بابەتی گرنگی ناوچەکەیان تاووتوێکردووە، لەوانە پـرسی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستانی عێراق و شەڕی دژی تێرۆر.

باقری گوتویەتی هەردوولایان جەختیان لەوە کردووەتەوە و هەروەها لە کۆبوونەوەکان ڕایانگەیاندووە کە ئەگەربێت ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت، ئەوا دەبێتە سەرەتایەک بۆ گرژی و ڕووبەڕووبوونەوە لە ناوخۆی عێراقدا و ئاکامەکانی کاریگەریـیان بەسەر وڵاتانی دراوسێ دەبێت. گوتیشی بۆیە کاربەدەستانی هەردوو وڵات جەخت لەوە دەکەن ئەم ڕیفراندۆمە نابێت ئەنجام بدرێت.

پاشان باقری گوتویەتی بە ڕێکەوتنی نوێی لەشکری و ئاسایشی سنوورەکان گەیشتوون بە تایبەتی لە بواری شەڕی دژی تێرۆردا، لەوانە ئاڵوگۆڕی زانیاری و شارەزایی لە بوارەدا.

باقری باسی لەوەش کرد کە دەعوەتی جەنەڕاڵ خەڵوسی ئاکار سەرۆکی ئەرکانی تورکیای کردووە بۆ ئەوەی سەردانی تاران بکات تاوەکو درێژە بە کۆبوونەوەکانیان بدەن. هەروەها گوتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا ڕایگەیاندووە لەم زووانە سەردانی ئێران دەکات بە ئامانجی پەرپـێدانی پەیوەندیـیە ئابوری و سیاسی و ڕۆشنبیری و لەشکری نێوان هەردوو وڵات.

جێی ئاماژەیە لە نێو شاندەکەی باقری ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی ئێران هەن، لەوانە عەمید محەمەد پاکپـور فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسداران و عەمید قاسم ڕەزایی فەرماندەی هێزەکانی سنوور.

بڕیارە ئەمڕۆ پـێنجشەممە ئەم شاندە باڵا لەشکریـیەی ئێران کۆتایی بە سەردانە مێژویـیەکەی بهێنێت کە بە گوتەی باقری لەسەر داوای کاربەدەسـتانی تورکیا بووە و عەلی خامەنەئی ڕابەری باڵای ئێران ڕەزامەندی لەسەر دەربڕیوە.

XS
SM
MD
LG