Accessibility links

شاندێکی ئەمەریکا دەگاتە تورکیا بۆ وتووێژکردن لە بارەی سزاکانی سەر ئێران


کاربەدەستێکی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت شاندێکی ئەمەریکا کە پـێکهاتووە لە کاربەدەستانی هەردوو وەزارەتی دەرەوە و خەزێنەی ئەو وڵاتە، دەگاتە ئەنکەرە بە مەبەستی وتووێژکردن لەگەڵ کاربەدەستانی تورک لە بارەی سزاکانی ئەمەریکا لە دژی ئێران.

کاربەدەستەکە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوت ئەو شاندەی ئەمەریکا ئێستا لە هیندستانە و ڕۆژی هەینی دەگاتە ئەنکەرە. گوتیشی بڕیارە شاندەکە لەگەڵ کاربەدەستانی هەردوو وەزارەتی دەرەوە و دارایی تورکیا کۆببێتەوە.

گوتەبێژێکی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا هەواڵەکەی بۆ ڕۆیتەرز پشـتڕاستکردەوە و گوتی وتووێژەکان ڕۆژی هەینی بەڕێوەدەچن و تیایاندا سەنگی دەخرێنە سەر سزاکانی سەر ئێران.

جێی وەبیرهێنانەوەیە مانگی ڕابردوو کاربەدەستێکی باڵا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا گوتی واشنتن هەموو هاوپەیمانەکانی ئاگادارکردووەتەوە لەوەی دەبێت هەتا مانگی یازدە کۆتایی بهێنن بە هاوردەکردنی نەوت لە ئێرانەوە، ئەمەش جێی ناڕەزایی ئەنکەرەیە.

مەولود چاوش‌ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا سێ هەفتە لەمەوبەر گوتی" ئێران دراوسێـیەکی باشە و پەیوەندی ئابوریمان لەگەڵیدا هەیە، بۆیە ئامادە نیـن پەیوەندیـیە بازرگانیـیەکانی لەگەڵدا ببڕێن لەبەر ئەوەی وڵاتێکی دیکە داوای ئەوەمان لێدەکات."

پـێشتریش ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا ڕەخنەی لە ئەمەریکا گرت لەسەر کشانەوەی لە ڕێکەوتننامە ناوکیـیەکەی لەگەڵ ئێراندا.

بەپـێی زانیاریـیە ئابوریـیەکان، تورکیا لە ماوەی چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە 3 ملیۆن تۆن نەوتی لە ئێران کڕیوە، واتە نزیکەی 55% ی هاوردەکانی لە نەوتی خاو.

XS
SM
MD
LG