Accessibility links

تورکیا و ئێران و ڕووسیا جەخت لەسەر گرنگی یەکپارچەیی خاکی سوریا دەکەنەوە


هەرسێ سەرۆکی تورکیا و ئێران و ڕووسیا جارێکی دیکە لە ئەنکەرە کۆبوونەوە بۆ تاووتوێکردنی مەسەلەی سوریا، بە تایبەتی شەڕی پارێزگای ئیدلیب کە دوایـین ناوچەی سوریایەی لە ژێر دەستی ئۆپـۆزسیۆن.

کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ دووشەممە بەڕێوەچوو، پـێنجەمین کۆبوونەوەی سێ قۆڵی ئەم سێ سەرۆکەیە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا گوتی ئەوان بە تەواوی کۆکن لەسەر یەکپارچەیی خاکی سوریا و مەسەلەی دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی سیاسی بۆ شەڕی ناو ئەو وڵاتە.

گوتیشی کۆبوونەوە سێ قۆڵیـیەکانیان کە لە ساڵی 2017 وە ئەنجام دەدرێت سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە و هەرسێ وڵات هاوکاریـیەکانیان زیاترکردووە بە ئامانجی گەڕاندنەوەی سەقامگیری و ئاسایش بۆ سوریا.

ڤلادیمیر پـوتن سەرۆکی ڕووسیا لای خۆیەوە جەختیکردەوە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی لەشکری سوریا لە ئۆپەراسیۆنەکانیدا لە دژی تێرۆردا. گوتیشی ئاگربەست هەرگیز تێرۆرستان ناگرێتەوە.

هەروەها گوتی یەکپارچەیی خاکی سوریا بە تەواوی وەک جارانی لێدێتەوە و هەموو هێزە بیانیـیەکان لێی دەکشێنەوە، بەڵام باسی لەوە نەکرد ئەوە چۆن دەکرێت.

حەسەن ڕوحانی سەرۆکی ئێران گوتی وڵاتەکەی لە دژی بوونی هێزی ئەمەریکایە لە سوریا. گوتی ئەمەریکا پشتیوانی لە تێرۆرستان دەکات و ئامانجی مەترسیداریان لە سوریا بەدەستەوەیە، لەوانە دابەشکردنی سوریا.

ئاماژەی بۆ ئەوە کرد مەسەلەی یەکپارچەیی خاکی سوریا بۆ هەرسێ وڵاتی ئێران و تورکیا و ڕووسیا ئێجگار گرنگە.

XS
SM
MD
LG