Accessibility links

کۆبوونەوەی سێ قۆڵی نێوان ئەردۆغان و ڕوحانی و پـوتن لە ئەنکەرە دەسـتیپـێکرد


سەرۆکایەتی تورکیا ڕایگەیاند کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکانی هەر یەک لە تورکیا و ئێران و ڕووسیا پاش نێوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە لە ئەنکەرە دەسـتیپـێـکرد.

کۆبوونەوەکە لە کۆشکی سەرۆکایەتی بەڕێوەدەچێت و بەپـێی سەرچاوە فەرمیـیەکان بۆ تاووتوێکردنی دوا پـێشهاتەکانی قەیرانی سوریایە.

بەر لە کۆبوونەوە سێ قۆڵیـیەکە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا و حەسەن ڕوحانی هاوتا ئێرانیـیەکەی بۆ ماوەی یەک کاژمێر لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆبوونەوە. دەڵێن لە بارەی چەند بابەتێکی ناوچەکە و جیهان بە گشتی وتووێژیان کردووە. هەروەها ڕوحانی و ڤلادیمیر پـوتن سەرۆکی ڕووسیاش بە جودا کۆبوونەوەیەکیان سازکردووە.

چاوەڕوان‌دەکرێت لە پاش تەواوبوونی کۆبوونەوە سێ قۆڵیـیەکە، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشیان بۆ سازبکرێت.

جێی ئاماژەیە لە ماوەی ڕابردوو هاوکاتی ئەوەی هێزەکانی حکومەتی سوریا بە پاڵپشتی ئێران و ڕووسیا هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریایان لە ناوچەی غۆتەی ڕۆژهەڵات وەدەرنا، تورکیا دەستیگرت بەسەر ناوچەی عەفرین لە پاش ئەوەی هێزەکانی ڕووسیا لە خاڵەکانی چاودێری عەفرین کشانەوە و ئۆپەراسیۆنێکی لەشکری تورکیا دەستیپـێکرد.

XS
SM
MD
LG