Accessibility links

تورکیا دەڵێت لەگەڵ ئێراندا لە پەیوەندیدایە بۆ ئۆپەراسیۆنی دژی قەندیل


وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت وڵاتەکەی لە پەیوەندیدایە لەگەڵ ئێران سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی لەشکری لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچەی قەندیل.

مەولود چاوش‌ئۆغڵو ئەمڕۆ چوارشەممە ئەمەی بۆ کەناڵی خەبەرتورکی وڵاتەکەی ڕاگەیاند و گوتی پەکەکە بۆ ئێرانیش جێی هەڕەشەیە، بۆیە پەرەدەدەن بە پەیوەندیـیەکانیان لەگەڵ ئێراندا.

دوێنێ سێشەممەش نورەدین جانیکلی وەزیری بەرگری تورکیا بە میدیاکانی وڵاتەکەی گوت ئێران پشتیوانی لە ئۆپەراسیۆنەکەیان دەکات و ئەنکەرە بۆ ئەم مەبەستە وتووێژی لەگەڵ عێراق کردووە.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، ئێران لای خۆیەوە بە فەرمی هیچی لەم بارەیەوە ڕانەگەیاندووە.

بەڵام عێراق لە زاری حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری عێراق دوێنێ سێشەممە لە میانەی کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەفتانەیدا ڕەتیکردەوە هیچ ڕێکەوتنێک یان وتووێژێک لەگەڵ تورکیا کرابێت سەبارەت بەم ئۆپەراسیۆنەی تورکیا باسی دەکات. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد قەندیل ناوچەیەکی سەخت و ئاڵۆزە، بۆیە کۆنترۆڵکردنی زۆر قورسە. گوتیشی لەو بڕوایەدایە ئەم ڕاگەیاندنانەی کاربەدەستانی تورکیا تەنیا بەشێک بێت لەو پـڕۆپاگەندانەی لە دەمی هەڵبژاردنەکاندا دەکرێن.

بڕیارە لە 24 ی مانگی شەش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی لە تورکیا بەڕێوەبچێت، ئەمەش پاش ئەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا داوایکرد هەڵبژاردنی پـێش وەخت ئەنجام بدرێت، واتە ساڵێک و نیو بەر لە وادە ئاسایـیەکەی خۆی.

XS
SM
MD
LG