Accessibility links

ڕێژەی هەڵاوسانی ئابووری تورکیا لە سەدا 75 تێدەپەڕێنێت


ئابووری تورکیا
ئابووری تورکیا

بەپێی داتا فەڕمییەکان کە ڕۆژی دووشەممە بڵاوکراونەتەوە، ڕێژەی هەڵاوسانی ئابووری تورکیا لە مانگی پێنجدا لە سەدا 75 ی تێپەڕاندووە، بەڵام بەرپرسان پێشبینی دەکەن بەرزبوونەوەی نرخەکان لە قەیرانێکی گرانیدا بگاتە لوتکە کە کێشەی بۆ سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دروست کردووە.

تورکیا ڕووبەڕووی زیادبوونی نرخەکان بووەتەوە کە ئەردۆغانی ناچار کرد دەستبەرداری دژایەتییەکەی بێت بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوود لە پێناو ڕووبەڕووبوونەوەی هەڵاوساندا.

بانکی ناوەند دەستی کرد بە بەرزکردنەوەی ڕێژە سەرەکییەکەی لە مانگی شەشی ساڵی 2023 دا، قۆناغ بە قۆناغ لە لە سەدا 8.5 ەوە بەرزیکردەوە بۆ لە سەدا 50.

مانگی ڕابردوو بەڕێوبەری بانکی ناوەندی تورکیا فاتیح قارەهان پێشبینییەکانی ڕاگەیاند بۆ ڕێژەی هەڵاوسان لە کۆتایی ئەم ساڵدا، بەپێی پێشبینییەکەی، ڕێژەی هەڵاوسان لە کۆتایی ساڵدا کەم دەبێتەوە بۆ لە سەدا 36. کە پێشتر لە سەدا 36 بووە.

بەڵام قارەهان وتیشی هەڵاوسان لە مانگی شەشدا خاو دەبێتەوە، دوای ئەوەی لە مانگی پێنجدا دەگاتە لوتکەی.

وەزیری دارایی تورکیا مهەمەت شیمشەک لە ئێکس نوسیویەتی " سەختترین بەش کۆتایی هات."

وتیشی " کەمبوونەوەی هەمیشەیی ڕێژەی هەڵاوسان لە مانگی شەشدا دەستپێدەکات. ماوەی گۆڕانکارییەکە لە شەڕی دژ بە هەڵاوساندا تەواو بووە و دەچینە پڕۆسەی نەهێشتی هەڵاوسانەوە."

وتیشی لە کۆتایی چارەکی ئەمساڵدا " ئەگەرێکی زۆری هەیە " ڕێژەی هەڵاوسان بێتە خوارەوە بۆ ژێر لە سەدا 50.

بەرزبوونەوەی ئێجگار زۆری نرخەکان و ڕووخانی دراوی لیرەی تورکی بە هۆکار دادەنرێن بۆ ئەو شکستە گەورەیەی کە ڕووبەڕووی پارتی ئاکەپەی ئەردۆغان بووەوە لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانی مانگی سێدا.

ئۆفیسی ئامارە نیشتیمانییەکانی تورکیا ڕۆژی دووشەممە وتی ڕێژەی هەڵاوسان لە مانگی پێنجدا گەیشتە لە سەدا 75.45، ئەوەش دوای ئەوەی لە مانگی چواردا بە خێرایی سەرکەوت بۆ لە سەدا 69.8.

وتیشی لە نێوان مانگی چوار و پێنجدا نرخەکان مانگانە لە سەدا 3.7 زیادییان کردووە.

گروپێکی ئابووریناسانی سەربەخۆ کە بە ENAG ناسراوە، وتی نرخەکان لە ڕاستیدا لە مانگی پێنجدا بۆ لە سەدا 120.7 زیادییان کرد، مانگانەش لە سەدا 5.7 زیادییان کردووە.

ئەردۆغان لە مێژە بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوودی بە هۆکاری هەڵاوسان زانیوە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی کە ئەوە سیاسەتێکی ئاساییە لە بانکە ناوەندەکانی سەرانسەری جیهاندا کە تێچووی قەرزکردن بەرز دەکەنەوە لە پێناو کەمکردنەوەی هەڵاوساندا.

بەڵام دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو جارێکی دیکە وەکو سەرۆکی تورکیا هەڵبژێردرایەوە، ئەردۆغان گەڕایەوە سەر ئۆرسۆدۆکسی ئابووریی و متمانەی تەواوی خۆی دەربڕی بۆ ئەو تیمە ئابوورییەی کە شیمشەک سەرکردایەتی دەکات.

مانگی ڕابردوو شیمشەک پلانێکی سێ ساڵەیی ڕاگەیاند کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی خەرجی گشتییە لە پێناو هێورکردنەوەی هەڵاوساندا.

ئیریس چیبری ئابووریناس دەڵێت نرخەکان دەبێت تاوەکو کۆتایی ساڵ مانگانە بە ڕێژەی لە سەدا 1.17 زیاد بکەن بۆ ئەوەی ڕێژەی هەڵاوسان بگات بەو لە سەدا 38 ەی کە بانکی ناوەند پێشبینی کردووە.

وتیشی " هاوکات موچەکان بۆ لە سەدا 26 کەم دەکەن."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG