Accessibility links

تورکیا هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیا دوو هێندە دەکات


بەپێی داتاکانی ڕیفینیتیڤ ئیکۆن، تورکیا لەم ساڵدا هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیای دوو هێندە کردووە، لەکاتێکدا وابڕیارە کە دوو وڵاتەکە لە کۆمەڵێک بابەتدا هاریکاری یەکتر بکەن، لەوانەش بازرگانی وزە. ئەمەش لەنێوەندی سزاکانی ڕۆژئاوادا بۆ سەر مۆسکۆ.

لە بەهارەوە بازرگانی نێوان ڕووسیا و تورکیا پەرەی سەندووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەوە کە مامەڵەکردنی کۆمپانیاکانی تورکیا لەگەڵ هاوتا ڕووسییەکانیاندا قەدەغە نەکراوە و بۆشایی ئەو کۆمپانیایانەی ئەوروپایان لە ڕووسیا پڕکردۆتەوە کە بەهۆی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا ڕووسیایان جێهێشتووە.

داتاکانی ڕیفینیتیڤ دەریدەخەن تورکیا لەم ساڵدا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوودا هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیای بۆ زیاتر لە 200,000 بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیادکردووە، لە ساڵی 2021 دا تاوەکو ئەم کاتەی ساڵەکە تەنها 98,000 بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێکدا هاوردەکردووە.

تورکیا سزای بەسەر ڕووسیادا نەسەپاندووە، دەڵێت هێشتا پشتی بە وزەی ڕووسیا بەستووە.

لە سەرەتای مانگی هەشتدا سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن و سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و ڕێکەوتن لەسەر زیادکردنی هاریکارییەکانی کار لەنێوان دوو وڵاتەکەدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG