Accessibility links

بەلەمێکی کۆچبەران لە نزیک کەنارەکانی تورکیا نوقمی ئاو دەبێت و 2 خنکاون و 10 بێ‌سەروشوێنن


کاربەدەستان لە هێزەکانی پاسەوانی کەنارەکانی تورکیا دەڵێن بەلەمێکی کۆچبەرانی نایاسایی ئەمڕۆ دووشەممە لە نزیک کەنارەکانی ڕۆژئاوای تورکیا نوقمبووە و لە ئاکامدا 2 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و 10 کۆچبەری دیکە بێ‌سەروشوێنن.

بەپـێی ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس دوو لە کۆچبەرەکان بە مەلە گەیشتوونەتە ناوچەیەکی نزیک شاری دیکیلی لە پارێزگای ئزمیر و لایەنە پەیوەندیدارەکانیان لە نوقمبوونی بەلەمەکە ئاگادارکردووەتەوە.

کاربەدەستان دەڵێن گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و دوو تەرمیان دۆزیوەتەوە کە یەکێکیان منداڵبووە، بەڵام توانیویانە کۆچبەرێک ڕزگاربکەن.

دەشڵێن بەپـێی ئەو زانیاریـیانەی کۆیان کردوونەتەوە، 15 کەس لەسەر بەلەمەکە بوون، یەکێکیان ئێرانی بووە و ئەوانی دیکە ئەفغانی. هێشتا گەڕان بەردەوامە بە دوای ئەو 10 کەسە بێ‌سەروشوێنە کە دووانیان منداڵن.

لە لایەکی دیکە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئانادۆڵوی تورکیا ڕایگەیاند دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەیان لە پارێزگای کرکلارەلی نزیک سنووری بولگاریا73 کۆچبەری نایاسایـیان دەسـتگیرکردووە کە عێراقی و ئێرانی و ئەفغانی و پاکستانین.

لە شاری موغلای باشوری ڕۆژئاوای وڵاتەکەش 21 کەسی دیکە دەستگیرکراون و زۆربەیان سوری و فەڵەستینی و سۆماڵین. ئەوانیش هەوڵیان دابوو بە بەلەمێکەوە تورکیا جێبهێڵن.

XS
SM
MD
LG