دادگایەکی تورکیا خانمە گۆرانیبێژێکی ئەڵمانی بە ڕەچەڵەک کورد بە 6 ساڵ و 3 مانگ زیندانیکردن حوکم دا، ئەمەش بە تۆمەتی پەیوەست بە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە.
سەعیدە ئیناج ناسراو بە هۆزان جانێ ئەمڕۆ چوارشەممە لە لایەن دادگایەکی شاری ئەدرنەی باکوری ڕۆژئاوای تورکیا سزای زیندانیکردنەکەی بۆ درا بە تۆمەتی ئەندامێتی لە پەکەکە.
هۆزان لە 23 ی مانگی شەشەوە لە شاری ئەدرنە دەستگیرکرا لە میانەی هەڵمەتێکی هەڵبژاردن بۆ پارتی هەدەپە و سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پـێشووی هەدەپە کە خۆی بۆ پـۆستی سەرۆکایەتی تورکیا کاندیدکردبوو.
ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پـرێس دەڵێت نەورۆز ئاکاڵان پارێزەری هۆزان گوتویەتی تانە لە بڕیارەکەی دادگا دەگرن تاوەکو دادگای پـیاداچوونەوە بە کەیسەکەدا بچێتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا تەنیا ڕایگەیاند کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە ئستەنبوڵ نوێنەری خۆی بۆ دانیشتنی دادگایـیکردنی هۆزان ناردبوو.
بەڵام Sevim Dağdelen پەرلەمانتاری سەر بە پارتی چەپڕەوی ئەڵمانیا کە بە ڕەچەڵەک کوردە، دادگاییکردنەکەی بە گاڵتەجاری سیاسی ناودێرکرد و گوتی ئەمە بە ڕوونی نیشانی دەدات تورکیا وڵاتێکی یاسا نیـیە، بەڵکو ڕژێمێکی زۆردارە.