Accessibility links

ڕەنگە هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا بکشێتەوە


پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) تاووتوێی کشانەوەی لە پەرلەمانی تورکیا دەکات بەهۆی ئەو فشارە بەردەوامانەی لەلایەن حکومەتەوە دەکرێتە سەری.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز دەڵێت ساروهان ئۆلووچ جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە لە پەرلەمان ئەمڕۆ دووشەممە بە پەیامنێرانی گوت پەرلەمانتارانی پارتەکەی و سەرۆک شارەوانیـیەکان و کاربەدەستانی خۆجێی ڕۆژی چوارشەممە لە ئەنکەرە کۆدەبنەوە بۆ تاووتوێکردنی دۆخەکە و بڕیاردان لەوەی چۆن وەڵامدانەوەیان هەبێت.

لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوو دەسەڵاتدارانی تورکیا 24 سەرۆک شارەوانی هەدەپەیان لە پـۆستەکانیان لابرد، لە کاتێکدا بە هەڵبژاردن ئەو پـۆستانەیان گرتبووە دەست.

ساروهان ئۆلووچ گوتی لە خەباتیان لە دژی لابردنی سەرۆک شارەوانیـیەکان بەردەوام دەبن. گوتیشی یەک لە پـرسیارەکانی لە کۆبوونەوەکەیان وەڵامی دەدەنەوە، ئایە لە پەرلەمان بکشێنەوە یان نا.

ئەردۆغان و حکومەتەکەی هەدەپە تۆمەتبار دەکات بەوەی پەیوەندی بە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە هەیە، بەڵام هەدەپە ئەو تۆمەتە ڕەتدەکاتەوە.

هەدەپە تاکە پارتی نێو پەرلەمانی تورکیایە کە ناڕەزایی بەرامبەر لەشکرکێشیـیەکەی تورکیا دەربڕیوە.

XS
SM
MD
LG