Accessibility links

دەسەڵاتدارانی تورکیا ڕێگە لە ئەنجامدانی ڕێپـێوانێک بۆ پشتیوانیکردن لە لەیلا گوڤەن دەگرن


دەسەڵاتدارانی تورکیا ڕێگەیان لە دەیان پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) گرت لەوەی ڕێپـێوانێک لە شاری ئستەنبوڵ ئەنجام بدەن بە مەبەستی دەربڕینی پشتیوانی خۆیان بۆ لەیلا گوڤەن.

دەیان پـۆلیسی دژە ئاژاوەی تورکیا ئەمڕۆ دووشەممە لە بەردەم هوتێلی ئستقلالی شاری ئستەنبوڵ چواردەوری نزیکەی 40 پەرلەمانتاری هەدەپەیان گرت، تاوەکو ڕێگەیان لێبگرن و نەهێڵن بەرەو جادەی ئیستقلال ڕێپـێوانێک ئەنجام بدەن.

پەرلەمانتاران پاش ئەوەی ڕێگەیان پـێنەدان ناچار لە بەردەم هوتێلەکە گردبوونەوە و هەردوو هاوسەرۆکی هەدەپە پەروین بوڵدان و سەزای تەمەلی لێدوانیان بۆ میدیاکان دا.

سەزای تەمەلی گوتی" ئەمڕۆ لێرەین هەتا دەنگی خۆمان بخەینە پاڵ دەنگی لەیلا گوڤەن و پشتیوانی بکەین لە تێکۆشانەکەیدا."

سوله‌یمان سۆیڵو وەزیری ناوخۆی تورکیا دوێنێ یەکشەممە ڕووی دەمی کردە پەرلەمانتارانی هەدەپە و گوتبووی "ئەگەر ڕێگە بە ئێوە بدەم ڕێپـێوان بکەن ئەوا پـیاو نیم."

لەیلا گوڤەن (تەمەن 55 ساڵ) پەرلەمانتاری هەدەپە ماوەی 96 ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە بە ئامانجی قایلکردنی کاربەدەستانی تورکیا لەوەی دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری دەسـتگیرکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان لە زینداندا باشبکەن و هەروەها ڕێگە بە کەسوکار و پارێزەرەکانی بدرێت چاویان پـێی بکەوێت.

XS
SM
MD
LG