Accessibility links

سەڵاحەدین دەمیرتاش دەڵێت بەردەوام دەبێت سەرەڕای نایەکسانی لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا


کاندیدی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بۆ سەرۆکایەتی تورکیا دەڵێت سەرەڕای ئەو نایەکسانیە گەورەیەی هەیە لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا، بەڵام ئامادەیە هەر لە نێو زیندانەوە هەڵمەتی خۆی بەڕێوەببات.

سەڵاحەدین دەمیرتاش کەوا ساڵێک و نیوە لە زینداندایە، ئەمڕۆ دووشەممە وەڵامی کۆمەڵێک پـرسیاری ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی داوەتەوە کە لە ڕێگەی پارێزەرەکەیەوە بە دەستی گەیشتبوو.

دەمیرتاش گوتویەتی ناڕەوایەتیـیەکە نەک تەنیا ئەوەیە ئەو لە زینداندایە، بەڵکو ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا جگە لەوەی هەموو سەرچاوە و تواناکانی حکومەتی لەبەردەستدایە، هەروەها دەتوانێت بە یاسای باری نائاسایی، ئەوەی لە پاش هەوڵی کودەتاکەی ساڵی 2016 لە وڵاتەکە سەپێندراوە، ڕێگە لە هەر گردبوونەوەیەک و دەزگایەکی ڕاگەیاندن بگرێت.

پاشان دەمیرتاش گوتویەتی ئەردۆغان بەردەوام دەبێت لەوەی تورکیا بەرەو دواوە بگێڕێنێتەوە نەک تەنیا لە مەسەلەی کوردی بەڵکو لە دیموکراسی و ئازادی لە وڵاتەکەشدا."

چاوەڕوان‌دەکرێت ئەمڕۆ دووشەممە هەدەپە بەرنامەی سەڵاحەدین دەمیرتاش بۆ سەرۆکایەتی تورکیا ڕابگەیەنێت.

بڕیارە لە 24 ی مانگی شەش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی لە تورکیا بەڕێوەبچێت، ئەمەش پاش ئەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا داوایکرد هەڵبژاردنی پـێش وەخت ئەنجام بدرێت، واتە ساڵێک و نیو بەر لە وادە ئاسایـیەکەی خۆی.

سەڵاحەدین دەمیرتاشی تەمەن 45 ساڵ لە سەرەتای مانگی یازدەی ساڵی 2016 وە لەگەڵ فیگەن یوکسەکداغ دەستگیرکراون. لەو کاتەدا هەردووکیان هاوسەرۆکی هەدەپە بوون و تۆمەتبارکراون بەوەی پشتیوانی لە پارتی کرێکارانی کوردستان دەکەن. داواکاری گشتی تورکیا داوایکردووە دەمیرتاش 142 ساڵ زیندانی بکرێت و فیگەن یوکسەکداغیش 83 ساڵ.

سەڵاحەدین دەمیرتاش لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2014 ، نزیکەی 4 ملیۆن دەنگی بەدەسـتهێنا کە دەکاتە 9.76% لە کۆی دەنگدەران. ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بە دەنگی 21 ملیۆن کەس کە 51.79% ی دەنگدەرانی دەکرد پـۆستی سەرۆکایەتی بردەوە.

هەدەپە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیـیەکەی 7 ی مانگی شەشی ساڵی 2015 ، لە کۆی 550 کورسیـیەکەی پەرلەمانی تورکیا 80 کورسی بردەوە، بەڵام ئاکەپە لەگەڵ پارتەکانەدا ڕێکنەکەوت بۆ پـێکهێنانی حکومەت، بۆیە لە 1 ی مانگی یازدەی 2015 هەڵبژاردنەکان دووبارەکرانەوە و ژمارەی کورسیـیەکانی هەدەپە بۆ 59 دابەزین.

لە پاش هەوڵی کودەتا لەشکریـیەکەش لە مانگی حەوتی ساڵی 2016 ، ژمارەیەک لەو پەرلەمانتارانەش خرانە زیندانەوە بە تۆمەتی جۆراوجۆر.

XS
SM
MD
LG