Accessibility links

پەرلەمانی تورکیا ئەندامێتی لە دوو پەرلەمانتاری هەدەپە سەندەوە


پەرلەمانی تورکیا ئەندامێتی لە 2 پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) سەندەوە بە دوو تۆمەتی سووکایەتی بە سەرۆک و پـڕۆپاگەندە بۆ تێرۆرزم.

هەدەپە ئێوارەی سێشەممە لە ڕاگەیاندنێکدا گوتی ئەمڕۆ لە دانشتنێکی گشتی پەرلەماندا مافی ئەندامێتی سەندراوەتەوە لە هەریەک لە ئەحمەد یەڵدرم جێگری سەرۆکی فراکسیۆنەکەیان لە پەرلەمان و ئیبراهیم ئایهان ئەندامی پەرلەمان.

دەڵێن پەرلەمان ئەحمەد یەڵدرمی تۆمەتبارکردووە بە سووکایەتیکردن بە سەرۆکی وڵات، ئەمەش کاتێک گوتویەتی "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کاریکاتۆری سوڵتانە."

ئیبراهیم ئایهان تۆمەتبارکراوە بە پـرۆپاگەندە بۆ تێرۆرزم، ئەمەش لەسەر ئەوەی گیان لەدەستدانی شەڕڤان عەزیز گولەری بەرز نرخاند، ئەوەی لە شەڕی دژی داعش لە سوریا بۆمبێکی چێنراوی پیادا تەقیـیەوە.

جێی ئاماژەیە هەدەپە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیـیەکەی 7 ی مانگی شەشی ساڵی 2015 ، لە کۆی 550 کورسیـیەکەی پەرلەمانی تورکیا 80 کورسی بردەوە، بەڵام ئاکەپە لەگەڵ پارتەکانی دیکە ڕێکنەکەوت بۆ پـێکهێنانی حکومەت، بۆیە لە 1 ی مانگی یازدەی هەمان ساڵ هەڵبژاردنەکان دووبارەکرانەوە و ژمارەی کورسیـیەکانی هەدەپە بۆ 59 دابەزی.

ئێستاش لە پاش دەسـتگیرکردن و دەرکردنی ژمارەیەکیان، تەنیا 46 پەرلەمانتاری هەدەپە لە پەرلەماندا ماونەتەوە.

XS
SM
MD
LG