Accessibility links

لەیلا گوڤەن لە زیندانی ئامەد ئازاددەکرێت


لەلیلا گوڤەن پەرلەمانتاری هەدەپە کە لە زیندانێکی شاری ئامەد بۆ ماوەی ساڵێک زیندانی کرابوو و هەروەها 11 هەفتەش مانی لە خواردن گرتووە، ئەمڕۆ هەینی ئازادکرا.

دادگای نۆی سزا قورسەکان لە شاری ئامەد ئەمڕۆ بڕیاری ئازادکردنی لەیلا گوڤەنی تەمەن 55 ساڵی دا پاش ئەوەی باری تەندروستی زۆر تێکچوو و ژیانی کەوتە بەرمەترسیـیەوە.

بەڵام دادگاکە فەرمانی ئەوەشی کرد قەدەغەی گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات بخرێتە سەر ئەم پەرلەمانتارەی هەدەپە کە نوێنەری جولەمێرگە لە پەرلەمانی تورکیا.

ژمارەیەک لە لایەنگرانی لە بەردەم زیندانی ئامەد گردبوونەوە بۆ پـێشوازیکردن لێی لەو کاتەی ئازادکرا و بە ئەمبوڵانسێک لە زیندان هێنرایە دەرەوە.

هەدەپە لە تویتەرەکەی ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە لەو دەمەی پەروین بۆڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە لە ماڵەکەی سەردانی دەکات.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس دەڵێت دەسەڵاتدارانی تورکیا بە پاس و بەربەست دەروبەری زیندانەکەیان گرتبوو وەک هەوڵێک بۆ ڕێگەگرتن لەوەی میدیاکان وێنە و ڤیدیۆی خانم لەیلا گوڤەن بگرن.

پەروین بۆڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە سەردانی لەیلا گوڤەنی کرد لە ماڵەکەی و پاشان گوتی لەیلا بڕیاری داوە لە ماڵەکەی درێژە بە مانگرتنەکەی بدات. گوتیشی ڕەنگە لە بڕیارەکەی پاشگەزببێتەوە ئەگەربێت دەسەڵاتداران ڕێگە بدەن عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە چاوی بە پارێزەران و کەسوکاری بکەوێت.

جێی وەبیرهێنانەوەیە لەیلا گوڤەن لە 22 ی مانگی یەکی ساڵی 2018 دەستگیرکرا پاش ئەوەی ناڕەزایی دەربڕی لە بەرامبەر هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین. زیاتر لە 239 زیندانیکراوی دیکە لە سەرانسەری تورکیا هاوسۆزی خۆیان بۆ دەربڕی و ئەوانیش مانیان لە خواردن گرت.

XS
SM
MD
LG