پەرلەمانی تورکیا ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە دەنگدانێـکدا بڕیاری دا 2 پەرلەمانی دیکەی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) دەربکات، بەڵام ئەم جارە بە پاساوی ئامادەنەبوون لە دانیشتنەکاندا.
پەرلەمانی تورکیا کە لە کۆی 550 پەرلەمانتاری 317 ی سەر بە پارتی ئاکەپەی دەسەڵاتدارە، دەنگی دا بۆ دەرکردنی خانم توگبا هەزەل نوێنەری شاری وان و فەیسەڵ ساریڵدز نوێنەری شرنەخ.
بەمەش ژمارەی پەرلەمانتارانی هەدەپە لە پەرلەمان لە 59 ئەندامەوە بوو بە 55 ئەندام. پـێشتر 2 پەرلەمانتاری دیکەی هەدەپە دەرکران بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لە تێرۆرزم.
پەرلەمانتارانی هەدەپە وەک دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بڕیارەکە، کەوتنە کێشان بەسەر مێزەکانیان و گوتیان ئاکەپە سیاسەتێـکی دوو فاقی پیادەدەکات، چونکە پەرلەمانتارانی دیکەش هەن بەردەوام ئامادەی دانیشتنەکان نابن و هیچ بڕیارێـک لە دژیان نادرێت.
فەیسەڵ ساریلدز لە وتووێژێـکدا لەگەڵ خەجیجان فارقین پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە ئامەد دەڵێت ئامانج لە بڕیارەکە بۆ کپکردنی دەنگی هەدەپەیە لە پەرلەماندا.