دەسەڵاتدارانی تورکیا ئەو 3 پەرلەمانتارەیان دەسـتگیرکرد کە ڕۆژی پـێنجشەممە لە پـرۆسەیەکی دەنگداندا لە پەرلەمان ئەندامێتیان لێ سەندنەوە.
هەریەک لە لەیلا گوڤەن پەرلەمانتارى جولەمێرگ و موسا فارسئۆغلەری پەرلەمانتارى شارى ئامەد و ئەنیس بەربەرئۆغڵو پەرلەمانتاری شاری ئستەنبوڵ، پاش چەند کاتژمێرێک لە بڕیارەکەی پەرلەمان لەلایەن پـۆلیسەوە دەستگیرکران.
بەپـێی زانیاریـیەکان شەوی ڕابردوو پـۆلیس لەیلا گوڤەنی لە ماڵەکەی دەستگیرکرد و موسا فارسئۆغلەری لەو کاتەی بەنیازبووە لە ئامەدەوە بەرەو ئەنکەرەی پایتەخت بەڕێبکەوێت دەستگیرکراوە.
هەدەپە لە ڕاگەیاندنێکدا بڕیارەکەی پەرلەمانی سەرزەنشتکرد و بە سەرکوتکردنی دیموکراسی پەرلەمانی ناودێریکرد. گوتیشی دەستگیرکردنی ئەم کەسانە پـیشانی دەدات سەرکوتکردنی زیاتر لە لایەن دەوڵەتەوە بەڕێوەیە لە کاتێکدا وڵاتەکە نوقمی قەیرانی ئابوری و ناسەقامگیری سیاسی بووەتەوە.
دەسەڵاتدارانی تورکیا دەڵێن هەردوو ئەندامەکەی هەدەپە پشتیوانی لە پارتی کرێکارانی کوردستان دەکەن و ئەندامەکەی جەهەپەش بە سیخوڕی تاوانبارە کاتێک وێنەی بارە چەکێکی لە میدیاکان بڵاوکردووەتەوە.
خەجیجان فارقین پەیامنێری بەشی کوردی لە ئامەد ڕاپـۆرتێکی دەنگی لەم بارەیەوە ناردووە.