پەرلەمانی تورکیا مافی ئەندامێتی پەرلەمانی لە 3 پەرلەمانتار سەندەوە کە دووانیان لە پارتی دیموکراتی گەلانن (هەدەپە) و ئەوی دیکەیان لە پارتی کۆماریـیە (چەهەپە).
پەرلەمانی تورکیا ئەمڕۆ پـێنجشەممە بە زۆرینەی دەنگ مافی پەرلەمانتاری سەندەوە لە هەریەک لە لەیلا گۆڤەن پەرلەمانتارى جولەمێرگ و موسا فارسۆغلەری پەرلەمانتارى شارى ئامەد و ئەنیس بەربەرئۆغلو پەرلەمانتاری شاری ئستەنبوڵ.
هەردوو ئەندامەکەی هەدەپە تۆمەتبارکراون بە لایەنگری پەکەکە و ئەندامەکەی جەهەپە بە سیخوڕی تۆمەتبارکراوە لەسەر بڵاوکردنەوەی وێنەی بارێک چەک کە لەلایەن دەزگای هەواڵگری تورکیاوە بە قاچاغی بۆ ناو سوریا ڕەوانەکرابوو.
لەگەڵ ڕاگەیاندنی بڕیارەکە پەرلەمانتارانی هەدەپە و جەهەپە ناڕەزایی خۆیان دەربڕی و ئاکەپەیان بە دوژمنی دیموکراسی ناودێرکرد.
ئەنیس بەربەرئۆغلو گوتی دەبێت خۆی ڕادەستی دەسەڵاتی دادوەری بکات هەتا 18 مانگ لە زیندان بەسەربەرێت.
ئەمین ئاکباساۆغڵو پەرلەمانتاری ئاکەپە، داکۆکی لە بڕیارەکە کرد و گوتی بەپـێی دەستوری تورکیا دراوە. گوتیشی هەڵوێستەکانی هەدەپە و جەهەپە پشتیوانیکردنە لە تاوان و تاوانکاران، ئەمەش جێی قبوڵ نیـیە.