Accessibility links

سەرۆکی تورکیا بڕیار دەدات ئایا سۆفیا وەک مزگەوت بگەڕێتەوە دەستی سەرۆکایەتی کاروباری ئاینی وڵاتەکەی


سەرۆکی تورکیا بڕیاری دا ئایا سۆفیا وەک مزگەوت بگەڕێتەوە ژێر دەسەڵاتی سەرۆکایەتی کاروباری ئاینی وڵاتەکەی، ئەمەش پاش ئەوەی دادگای باڵای بەڕێوەبەرایەتی تورکیا بڕیارێکی ساڵی 1934 ی حکومەتی تورکیای هەڵوەشاندەوە کە ئایا سۆفیای پـێکرابووە مۆزخانە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ هەینی لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی لە دوای پـوچەڵکردنەوەی بڕیاری ساڵی 1934 ، بەڕێوەبردنی مزگەوتی ئایا سۆفیا دەگەڕێتەوە دەستی سەرۆکایەتی کاروباری ئاینی وە بۆ عیبادەت دەکرێتەوە.

لینا مەندۆنی وەزیری ڕۆشنبیری یۆنان لەم بارەیەوە ناڕەزایی خۆی دەربڕی و لە ڕاگەیاندنێکدا گوتی ئەم بڕیارەی ئەمڕۆی تورکیا کە لەسەر خواستە سیاسیـیەکانی ئەردۆغان دراوە، پاش ڕۆژێک لە داوای یونیسکۆ هات بۆ هێشتنەوەی ئایا سۆفیا وەک مۆزخانە. دەشڵێت ئەمە نیشانی دەدات دادوەری لەو وڵاتە سەربەخۆ نیـیە

چاوەڕوان‌دەکرێت ئەم هەنگاوەی حکومەتی تورکیا ناڕەزایی وڵاتانی دیکەی کرستیانی لێبکەوێتەوە.

پـێشتر دادگای باڵای بەڕێوەبەرایەتی بڕیاری دا ئەو فەرمانەی حکومەت هەڵبوەشێتەوە کە لە ساڵی 1934 ئایا سۆفیای پـێکرابووە مۆزەخانە، ئەمەش لەسەر سکاڵای کۆمەڵەی پاراستنی ژینگە و ئاسەواری تورکیا. کۆمەڵەکە دەڵێت ئایا سۆفیا یەکێکە لە موڵکەکانی سوڵتان محەمەدی دووەمی عوسمانیـیەکان، ئەوەی بە محەمەد ئەلفاتیح ناسراوە.

ئەم سوڵتانە لە ساڵی 1453 دەستیگرت بەسەر شاری ئستەنبوڵ کە لەو سەردەمەدا پایتەختی ڕۆمانەکان بوو و بە کوستەنتینە ناسرابوو. ئایا سۆفیا لەو سەردەمە کڵێسایەک بوو کە پـێش زیاتر لە 800 ساڵ بنیادنرابوو، بەڵام عوسمانیـیەکان دواتر کردیان بە مزگەوت. لە سەردەمی کەمال ئەتاتورک دامەزرێنەری تورکیای نوێ ئایا سۆفیا کرا بە مۆزخانە.

XS
SM
MD
LG