Accessibility links

گومان دەکرێت بۆ بەرژەوەندی حکومەتی تورکیا ئیمەیڵی حکومی چەند وڵاتێک هاککرابن


ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز دەڵێت بەپـێی زانیاری 3 کاربەدەستی گەورەی ڕۆژئاوایی، ژمارەیەک ئیمەیڵ لە ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاککراون بۆ بەرژەوەندی حکومەتی تورکیا.

ڕۆیتەزر ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕاپـۆرتێکی تایبەتدا دەڵێت کاربەدەستەکان دووانیان بەریتانین و ئەوی دیکەیان ئەمەریکایی‌یە. هەرسێکیان گوتویانە ئەوەی دیارە دەوڵەتێک لە پشت هاککردنەکان بووە و بۆ بەرژەوەندی تورکیا کراون.

گوتوشیانە سێ شت هەن وەهایان لێکردوون بگەنە ئەو ئەنجامە، یەکەم ناسنامە و شوێنی ئەوانەی هاککراون گرنگییان هەیە بۆ تورکیا، دووەم شێوازی هاککردنەکان لەوانە دەچن کە پـێشتر لە تورکیاوە کرابوون، سێـیەم جۆری زانیاریـیە هەواڵگریـیەکان، بەڵام کاربەدەستەکان هیچیان لە بارەی زانیاریـیەکانەوە نەگوت.

ڕۆیتەرز دەڵێت هاککەرەکان هێرشیان کردووەتە سەر ئیمەیڵی بە لایەنی کەم 30 شوێن، لەوانە وەزارەت و باڵیۆزخانە و دەزگای ئاسایشی وڵاتان، لەوانە ئیمەیڵەکانی هەردوو حکومەتی قوبرس و یۆنان و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق.

حکومەتی قوبرس لە ڕاگەیاندنێکدا گوتی زانیاری لە بارەی ئەو هێرشانەوە هەبووە و دەستبەجێ ڕێوشوێنی پـێویستی گرتبووەبەر. گوتوشیانە لەبەر ئاسایشی نشتیمانی وڵاتەکەیان زانیاری زیاتر نادەن.

لە ئەثینای پایتەختی یۆنان، کاربەدەستان گوتویانە هیچ بەڵگەیەک نیـیە پـیشانی بدات ئیمەیڵەکانی حکومەت هاککرابن. حکومەتی عێراق هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچی لەم بارەیەوە نەگوتووە.

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ڕەتیکردووەتەوە لێدوان بدات، بەڵام کاربەدەستێکی گەورەی تورکیا گوتویەتی وڵاتەکەی زۆر جار خۆی قوربانی هێرشی ئەلیکترۆنی بووە.

XS
SM
MD
LG