Accessibility links

هاککەرانی کۆمپیوتەر زانیاری کەسێـتی نزیکەی 50 ملیون هاوڵاتی تورکیا ئاشکرا دەکەن


هاککەرانی کۆمپـیوتەر توانیویانە دەسـتیان بگات بە زانیاری کەسێتی نزیکەی 50 ملیۆن هاوڵاتی تورکیا، لەوانە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا و ئەحمەد داوود ئۆغڵو سەرۆک وەزیر.

لە نێو داتاکاندا کۆمەڵێـک زانیاری گرنگ هەن، لەوانە ناوی سیانی، ژمارەی ناسنامە، ناونیشان، ڕۆژی لە دایکبوون، ئەمەش مەترسی هەیە بە ملیۆنان کەسی ئەو وڵاتە دووچاری کێشە بکات.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئەسۆشیەتد پـرێس دەڵێت بۆ دڵنیا بوون لە ڕاستی ئەو زانیاریـیانە، چووە بەراوردێـکی کردووە بۆ 10 هاوڵاتی تورکی و سەرئەنجام بۆی دەرکەوتووە زانیاری 8 کەسیان وەکو خۆیان بوون. دەڵێن قەبارەی تەواوی زانیاریـیەکان نزیکەی 6 گێگا بایتە و هاککەرەکان چوون لە ڕێگەی 700 سێرڤەر بڵاویانکردووەتەوە.

چاودێران دەڵێن پـێدەچێت ئامانجی سیاسی لە پشت ئەم کارەوە بێت، چونکە هاککەرەکان لەو ماڵپەڕانەی زانیاریـیەکانیان تیایاندا بڵاوکردووەتەوە نووسیویانە " چارەسەری ئەردۆغان بکەن، ئەگەر نا ئەوا وڵاتەکەتان وێران دەکات و بەخۆتان نازانن."

پاشان نووسیویانە " کێ پێی وابوو بروباوەڕی دواکەوتوو و زیادبوونی توندڕەوی ئاینی وەها لە تورکیا بکات ژێرخانی تەکنەلۆجی وەها لاوازبێت."

XS
SM
MD
LG