Accessibility links

میتی تورکیا برازایەکی فەتحوڵا گولەن دەستگیر دەکات


سیخوڕەکانی تورکیا توانیویانە برازای دوژمنێکی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی وڵاتەکە دەستگیر بکەن و تورکیا دەڵێت ئەو دوژمنە فرمانی کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی 2016ی دابوو.

میدیا فەرمییەکانی تورکیا لە ڕاپۆرتە هەواڵییەکانی ئەمڕۆ دووشەممەیاندا دەڵێن ئەو کەسە دەستگیرکراوە گەڕێندراوەتەوە بۆ تورکیا.

ئانکەرە، فەتحوڵا گولەن، کەسایەتی ئاینی و نیشتەجێی ئەمەریکا گوناهباردەکات بەوەی پلان داڕێژەری هەوڵی ڕوخاندنی حکومەتی تورکیا بووە.

لەو هەوڵی کودەتایەدا سەدان کەس کوژران و بە هەزاران کەسیش بریندار بوون.

لەوەتای ساڵی 2016ەوە تورکیا دەیان هەزار کەسی بە گومانی هەبوونی پەیوەندی بە فەتحوڵا گولەنەوە دەستگیرکردووە.

ئەناتۆڵیا، ئاژانسی فەرمی دەنگوباسی تورکیا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاسایشییەوە بەبێ ئەوەی ناوی بهێنێت دەڵێت "سەڵاحەدین گولەن، لەلایەن کارمەندانی دەزگای نیشتمانی هەوڵگرییەوە "میت" گەڕێندراوەتەوە بۆ تورکیا." بەڵام لەو هەواڵەیدا ناڵێت لە چ وڵاتێکدا دەستگیرکراوە و هیچ ئاماژەیەکیشی بەوە نەکردووە ئایا ئەو کردەیەی میت بە ڕێککەوتن بووە لەگەڵ ئەو وڵاتەی سەڵاحەدینی لێبووە یان نا.

بەڵام لە ڤیدیۆیەکدا کە ڕۆژی 20ی مانگی 5 لە سۆشیال میدیا دانراوە، هاوسەری سەڵاحەدین پشتراشتی دەکاتەوە کە هەردووکیان لە وڵاتی کینیا ژیاون و لە ڕۆژی 3ی مانگی پێنجەوە هیچ هەواڵێکی هاوسەرەکەی نەزانیوە و دیارنەماوە.

سەڵاحەدین، لە نایرۆبی مامۆستا بووە.

خەڵک و میدیاکانی پەیوەندییان بە ڕێکخراوەکەی فەتحوڵا گولەنەوە هەیە لە تۆڕەکانی سۆشیال میدیا دەڵێن سەڵاحەدین لە کینیا ڕفێندراوە، هاوکاتی ئەو هەڵمەتەی بۆ ئازادکردنی دەستیان پێکردووە.

ئانکەرە پێشتریش فشاری خستبووە سەر زۆر وڵات، بە تایبەتی لە باڵکان و ئافریکا تا هەموو خوێندنگەکانی سەر بە ڕێکخراوەکەی فەتحوڵا گولەنن دابخەن.

کینیا لە ساڵی 2016دا ڕەتیکردەوە ئەو 6 دامەزراوەی گولەن دابخات وێڕای جەخت کردنەوەکانی تورکیا.

لە ساڵی 1999دا میتی تورکیا، عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستانی لە کینیا دەستگیر کرد. ئۆجەلان هەتا ئێستاش لە زینداندایە.

ئەناتۆڵیا وێنەی سەڵاحەدین گولەنی بە کەلەپچەکراوی بڵاوکردۆتەوە و ئاڵای تورکیاش لە هەردوو لایەوە دانراوە.

سەڵاحەدین گولەن، گوناهبارکراوە بەوەی ئەندامی ڕێکخراوی فەتۆیە. تورکیا ئەم ڕێکخراو بە تێرۆریست ناودێر دەکات .

فەتحوڵا گولەن، لە ستانی پێنسلڤانیا دەژی و جەختیش دەکاتەوە لەوەی سەرۆکی تۆڕێکی ئاشتیانەی خێرخوا و ژمارەیەک کۆمپانیاشە، هەروەها نکوڵیش دەکات لەوەی هیچ پەیوەندییەکی هەبووبێت بە هەوڵی کودەتاکەی ساڵی 2016ەوە.

بەڵام ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کە پێشتر هاوپەیمانی گولەن بووە، لە ئێستادا ئەم کەسایەتییە ئاینییە بە ڕێبەری ڕێکخراوێکی تێرۆریست ناودێر دەکات و دەشڵێت هەوڵی دزەکردن دەدات بۆ ڕوخاندنی حکومەتی تورکیا.

لەوەتای ئەو هەوڵی کودەتایەوە، تورکیا دەیان کەسی لەوانەی پەیوەندییان بە تۆڕەکەی فەتحوڵا گولەنەوە هەبووە گەڕاندۆتەوە و بەتایبەتیش لە وڵاتانی باڵکان وە ئافریکاوە.

ڕفاندنی 6 هاوڵاتی تورکیا لە کۆسۆڤۆ لەلایەن میتی تورکیاوە لە ساڵی 2018دا، بووە مایەی قەیرانی سیاسی لەو وڵاتەی باڵکاندا و وەک بەرەنجامێکیش وەزیری ناوخۆ و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری وڵاتەکە دەستیان لە پۆستەکانیان کشاندەوە.

لەناو تورکیاشدا دەکرێت بگوترێت ڕۆژانە هێرشەکانی پۆلیس بۆ دەستگیرکردنی وەک دەگوترێت گومانبارانی لایەنگرانی فەتحوڵا گولەن بەردەوامن.

لەوەتای ساڵی 2016ەوە زیاتر لە 140 هەزار کارمەندی کەرتی گشتی لەوانە مامۆستا و دادوەرانیش لە کارەکانیان دەرکراون یان ڕاگیروان بە گومانی ئەوەی پەیوەندییان لەگەڵ فەتحوڵا گولەندا هەیە.

XS
SM
MD
LG