Accessibility links

دەسەڵاتدارانی تورکیا فەرمانی دەستگیرکردنی 300 کەس دەدەن


ئەرشیف
ئەرشیف

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی حکومەتی تورکیا دەڵێن پـۆلیسی وڵاتەکەیان هەڵمەتێکی دەسـتپـێکردووە بۆ دەسـتگیرکردنی زیاتر لە 300 کەس بە تۆمەتی پەیوەست بە هەوڵی کودەتاکەی ساڵی 2016.

داواکارانی گشتی لە هەرسێ شاری ئەنکەرە و ئستەنبوڵ و ئەزمیر ئەمڕۆ سێشەممە بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ 324 کەس دەرکرد کە لە نێویاندا ژمارەیەک ئەفسەر و سەرباز هەن. دەڵێن ئەم تۆمەتبارانە سەر بە فەتحوڵڵا گولەنن، پـیاوی ئاینی تورکی ئەوەی ئێستا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا نیشتەجێـیە.

کاربەدەستانی تورکیا دەڵێن فەتحوڵڵا گولەن لە پشت هەوڵی کودەتاکەی 15 ی مانگی حەوتی ساڵی 2016 بووە، بەڵام گولەن بە توندی ئەو تۆمەتە ڕەتدەکاتەوە.

بەپـێی ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئانادۆڵو داواکاری گشتی لە ئستەنبوڵ فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ 53 سەرباز دەرکردووە کە لە 15 پارێزگای وڵاتەکەدان، لەوانە ژمارەیەکیان لە ئەنکەرەی پایتەختە.

ئاژانسی دەمیرۆرەن DHA ئەویش ڕایگەیاند، داواکاری گشتی لە ئەزمیر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ 182 کەس دەرکردووە کە لە 42 پارێزگای وڵاتەکەن.

هاوکات داواکاری گشتی لە ئەنکەرە بڕیاری داوە 89 کەس دەسـتگیربکرێن لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان لە دوو کەیسی جیاوازدا، لەوانە یەکێکیان پەیوەستە بە جەندرمە.

دەسەڵاتدارانی تورکیا لەم مانگانەی دوایی هەڵمەتەکانی دەسـتگیرکردنیان زیادکردووە لە دژی ئەو کەسانەی گومانیان لێدەکەن سەر بە گولەن بن.

تەنیا لە ماوەی هەفتەی ڕابردوو زیاتر لە 760 کەس لە 76 پارێزگای وڵاتەکە دەسـتگیرکراون، بەڵام دواتر 122 کەسیان ئازادکران.

لە پاش هەوڵی کودەتاکە دەیان هەزار کەس لە تورکیا دەسـتگیرکراون بە گومانی پەیوەندی بە فەتحوڵڵا گولەنەوە و زیاتر لە 100 هەزار کەسیش لە کارەکانیان دەرکراون یان لابراون.

XS
SM
MD
LG