Accessibility links

دەسەڵاتدارانی تورکیا 63 کەسی دیکەش بە تۆمەتی هەوڵی کودەتاکە دەستگیردەکەن


دەسەڵاتدارانی تورکیا 63 کەسی دیکەیان دەستگیرکردووە بە تۆمەتی هەوڵی کودەتاکەی سـاڵی 2016 ، ئەوەی ئەنکەرە دەڵێت فەتحوڵڵا گولەن پـیاوی ئاینی تورکی لە پشتەوە بووە.

ئۆفیسی داواکاری گشتی لە ئەنکەرە ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاگەیاندێکدا گوتی ئەو 63 کەسە بریتین لە 46 فڕۆکەوانی هەلیکۆپتەری لەشکر و 15 کەسی سیڤیل کە پـیاوانی ئاینین. گوتیشی لە ئێستادا لە بەشی تێرۆری دەزگای ئاسایشی ئەنکەرە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

لەوەتای هەوڵی کودەتا لەشکریـیەکە لە 15 ی مانگی حەوتی ساڵی 2016 ، زیاتر لە 50 هەزار کەس لەو وڵاتە دەسـتگیرکراون و زیاتر لە 140 هەزار کەسیش لە کارەکانیان دەرکراون یان ڕاگیراون. زۆربەشیان خراونەتە زیندان بە تۆمەتی پەیوەندی بە ڕێکخراوی فەتحوڵڵا گولەن کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا نیشتەجێـیە.

گولەن بە توندی ڕەتیدەکاتەوە دەستی لە هەوڵی کودەتاکەدا هەبووبێت و دەڵێت ئەمە بەهانەیەکی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیایە بۆ دەستگیرکردنی نەیارانی.

جێی ئاماژەیە شەوی هەوڵی کودەتاکە، دەسەڵاتدارانی تورکیا دەیانگوت تەنیا چەند سەد کەسێکن بەشداریان لە هەوڵی کودەتاکەدا کردووە.

XS
SM
MD
LG