Accessibility links

فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 87 سەربازی پـێشوو لە تورکیا دەدرێت


میدیاکانی حکومەتی تورکیا دەڵێن ئەمڕۆ هەینی دەیان کەس دەسـتگیرکراون بە تۆمەتی پەیوەندی بە کۆمەڵەی فەتحوڵڵا گولەن، ئەوەی ئەنکەرە بە هەوڵی کودەتاکەی ساڵی 2016 تاوانباری دەکات.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئانادۆڵو دەڵێت داواکاری گشتی ئەنکەرە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ 87 سەربازی پـێشوو دەرکردووە کە لە هێزی ئاسمانی وڵاتەکەدا بوون.

پـۆلیس بۆ ئەم مەبەستە لە 16 پارێزگای تورکیا هەڵمەتی دەستگیرکردنی دەسـتپـێکرد، لەوانە ئەنکەرەی پایتەخت و هەردوو شاری ئستەنبوڵ و ئزمیر. دەشڵێن هەتا پـێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 41 کەسیان دەسـتگیرکراون.

لە لایەکی دیکە 40 پـۆلیس لە ئستەنبوڵ لەسەر هەمان تۆمەت دەستگیرکراون، پاش ئەوەی داواکاری گشتی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ 41 کەس دەرکرد.

لەوەتای لە مانگی حەوتی ساڵی 2016 هەوڵی کودەتا لەشکریـیەکە لە تورکیا دراوە، زیاتر لە 50 هەزار کەس دەسـتگیرکراون بە تۆمەتی ئەوەی سەر بە فەتحوڵڵا گوڵەنن. هێشتا هەڵمەتەکانی دەستگیرکردن بەردەوامن بە شێوەیەک نزیکەی هەموو هەفتەیەک کۆمەڵێک دەسـتگیردەکرێن. ڕۆژی سێشەممەش فەرمانی دەستگیرکردن بۆ نزیکەی 300 کەسی دیکە دەرچوو و نزیکەی 140 کەسیان دەستگیرکراون.

جگە لەو دەستگیرکردنانە، نزیکەی 130 هەزار کەس لە پاش هەوڵی کودەتاکە لە کارەکانیان دەرکراون یان لابراون.

XS
SM
MD
LG