Accessibility links

دەسەڵاتدارانی تورکیا فەرمانی دەسـتگیرکردنی 140 کەسی دیکە دەدەن


دەستگیرکردنی ژمارەیەک بە تۆمەتی پەیوەندی بە فەتوحوڵڵا گولەن.(وێنەی ئەرشیف)

دەسەڵاتدارانی تورکیا فەرمانی دەسـتگیرکردنیان بۆ 140 کەسی دیکە دەرکردووە بە تۆمەتی پەیوەندی بە فەتحوڵڵا گولەن ئەوەی ئەنکەرە بە هەوڵی کودەتاکەی ساڵی 2016 تۆمەتباری دەکات.

ئاژانسی ئانادۆڵوی حکومەتی تورکیا ئەمڕۆ هەینی هەواڵەکەی بڵاوکردەوە، دەڵێت پـۆلیس لەسەر فەرمانی داواکاری گشتی لە پارێزگای کۆنیـیە لە 34 ناوچەی وڵاتەکە دەسـتیکردووە بە هەڵمەتی دەسـتگیرکردنی 70 کەسی ئەفسەر و پلەداری ناو لەشکر.

ئەم گومانبارانە لەسەر قسەی سەربازانێک فەرمانی دەسـتگیرکردنیان بۆ دەرچووە کە پـێشتر بە تۆمەتی پەیوەندی بە گولەنەوە دەسـتگیرکرابوون. دەڵێن لەو بڕاویەدان ئەمانە بەرپـرس بوون لەو شوێنانەی خوێندکارانی بزوتنەوەکەی گولەنیان لێبووە.

لە هەڵمەتێکی دیکەدا 18 کەس دەسـتگیرکراون لە چوارچێوەی فەرمانێکی داواکاری گشتی ئستەنبوڵ بۆ دەسـتگیرکردنی 70 کەسی نێو هێزی دەریایی کە ئەوانیش گومانیان لێدەکرێت پەیوەندیـیان بە تۆڕی گولەنەوە هەبێت.

ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان مانگی ڕابردوو ڕایگەیاند لەوەتای لە مانگی حەوتی ساڵی 2016 هەوڵی کودەتا لەشکریـیەکە درا، دەسەڵاتدارانی تورکیا 160 هەزار کەسیان دەسـتگیرکردووە، لەوانە 50 هەزار کەسیان بە فەرمی تۆمەتبارکراون و لە زینداندا هێڵراونەتەوە لە ماوەی دادگایی‌کردنەکانیاندا.

XS
SM
MD
LG