Accessibility links

وەزارەتی دادی تورکیا بە فەرمی داوای دەسـتگیرکردنی فەتحوڵڵا گولەن لە ئەمەریکا دەکات


تورکیا بە فەرمی داوای لە ئەمەریکا کرد فەتحوڵڵا گولەن دەسـتگیربکەن بە تاوانی دەرکردنی فەرمانی ئەنجامدانی کودەتا شکستخواردووەکەی 15 ی مانگی حەوت، ئەوەی بووە مایەی کوژرانی زیاتر لە 270 کەس.

وەزارەتی دادی تورکیا ئەمڕۆ سێشەممە داواکەی بۆ دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا نارد و تیایدا نووسیویەتی گولەن لە لایەن دادی تورکیاوە بڕیاری دەسـتگیرکردنی دەرچووە لەسەر ئەنجامدانی چەندان تاوان و هەروەها دەرکردنی فەرمانی هەوڵی کودەتا لە وڵاتەکەدا.

ئەمە یەکەم جارە وەزارەتی دادی تورکیا بە فەرمی داوا لە واشنتن بکات گولەن دەسـتگیربکەن کە لە ویلایەتی پەنسلڤانیای ئەمەریکا دەژی.

پـێشتر ئەنکەرە چەندان جار داوای لە ئەمەریکا کردبوو گولەنی ڕادەسـتبکەن و بۆ ئەم مەبەستە ژمارەیەک بەڵگەنامەی بۆ دەزگا بەرپـرسەکانی ئەمەریکا ڕەوانەکردبوو کە دەڵێت دەیسەلمێنن گولەن بەرپـرس بووە لە هەوڵی کودەتاکە.

هەروەها سەرەتای مانگی هەشت دادگایەکی ئستەنبوڵ فەرمانی دەسـتگیرکردنی بۆ گولەن دەرکرد.

جۆ بایدن جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لە میانەی سەردانەکەی ئەم دوایـیانەی بۆ تورکیا گوتی ئەمەریکا هیچ بەرژەوەندیـیەکی نیـیە لە پاراستنی کەسێـک کە زیانی بە وڵاتێـکی هاوپەیمانی گەیاندبێت، بەڵام یاساکانی ئەمەریکا ڕێگە نادەن جگە لە دادی وڵاتەکە هیچ کەسێـکی دیکە مافی بڕیاردانی لەم بارەیەوە هەبێت.

فەتحوڵڵا گولەن کە کەسایەتیـیەکی ئاینی تورکیا نکوڵی دەکات لەوەی ڕۆڵی هەبووبێت لە هەوڵی کودەتا لەشکریـیە و دەڵێت ئەو یەکێـکە لەو کەسانەی دژی هەوڵی کودەتای لەشکریـیە و بە توندی ئەو هەوڵەی لە وڵاتەکەی درابوو شەرمەزاردەکات.

XS
SM
MD
LG