Accessibility links

سەرۆک وەزیری تورکیا ئاگاهی بە یۆنان دەدات


سەرۆک وەزیری تورکیا ئاگاهی بە یۆنان داوە پاش ئەوەی ئاڵای یۆنان هەڵکرا بەسەر دورگەیەکی چۆڵی ناکۆکی لەسەر لە نێوان هەردوو وڵات.

بنیالی یڵدرم ئەمڕۆ دووشەممە بە ڕۆژنامەوانانی گوت پاسەوانانی کەنارەکانی تورکیا گەیشتوونەتە سەر دورگەکە کە دەکەوێتە بەرامبەر هاوینەهەواری دیدیمی سەر دەریای ئیجە و لەوێ ئاڵاکەی یۆنانیان داگرتووە.

گوتشی ئەم ڕووداوە هاوشێوەی ئەوەی ساڵی 1996 بوو کە هەردوو وڵات لە شەڕ نزیکبوونەوە لەسەر دورگەی کارداک.

پاشان یڵدرم گوتی "ئامۆژگاریـمان بۆ یۆنانیـیەکان ئەوەیە خۆیان لە هەڵچوون و کاری ئیستفزازی بەدوربگرن، چونکە ئێمە سوورین لەسەر وەڵامدانەوەی هەر ڕەفتارێکی لەو جۆرە."

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە یۆنان هیچ لێدوانێکی فەرمی لەم بارەیەوە نەداوە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە ساڵی 1996 هەردوو وڵات لە لێواری شەڕ نزیکبوونەوە پاش ئەوەی ناکۆکی لە نێوانیان دروستبوو لەسەر دورگەی ئیمیا ئەوەی تورکیا بە کارداک ناوی دەبات، بەڵام دواتر لە ژێر فشاری دیپـلۆماتی ئەمەریکا کۆتایی بە ناکۆکیـیەکە هێنرا.

XS
SM
MD
LG