Accessibility links

دادگایەکی تورکیا ڕەتیدەکاتەوە 2 سەربازە یۆنانیـیەکە ئازادبکرێن


کەسوکاری 2 سەربازە یۆنانیـیەکە بەرەو دادگای ئەدرنە لە باکوری ڕۆژئاوای تورکیا دەڕۆن، دووشەممە 5 ی مانگی سێی 2018

دادگایەکی تورکیا ڕەتیکردەوە ئەو 2 سەرباز یۆنانیـیە ئازادبکرێن کە شەوی پـێنجشەممە لە لایەن هێزەکانی تورکیاوە دەستگیرکران بە تۆمەتی سیخوڕی و چوونە نێو ناوچەیەکی سەربازی قەدەغەکراو.

دادگاکە ئەمڕۆ دووشەممە داوای پارێزەری ئەو 2 سەربازەی ڕەتکردەوە کە یەکێکیان پلەکەی ئەفسەرە. سەربازەکان بە دادگاکەیان گوتووە بە هەڵە چوونەتە ناو خاکی تورکیاوە کاتێک دوای شوێن پـێـیەک کەوتبوون کە لەو بڕوایەدابوون هی کەسانێکە بە نیازبوون بە قاچاغی سنوور ببەزێنن.

لە لایەکی دیکە بەکر بۆزداغ گوتەبێژی حکومەتی تورکیا هەر ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی گوتی داواکاری گشتی هەردوو تۆمەتی سیخوڕی و چوونە نێو ناوچەیەکی سەربازی قەدەغەکراوی ئاڕاستەی ئەو دوو سەربازە کردووە، بەڵام دادگا تەنیا لەسەر تۆمەتی دووەم فەرمانی دەسـتگیرکردنی بۆ بڕیارداون. گوتیشی هێشتا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.

بەر لە دانیشتنی ئەمڕۆی دادگاکە، نیکۆس کۆتزیاس وەزیری دەرەوەی یۆنان داوای لە کاربەدەستانی تورکیا کرد یاسای نێودەوڵەتی جێبەجێ بکەن و کارێکی ڕۆتینی ئاسایی نەکەنە گرفتێکی یاسایی و سیاسی گەورە.

ئەثینا مەترسی هەیە تورکیا لە بەرامبەر ئازادکردنی ئەو دوو سەربازە داوای ڕادەستکردنی ئەو 8 سەربازە تورکە بکات کە لە پاش شکستهێنانی کودەتا سەربازیـیەکە بەرەو یۆنان هەڵهاتن، بەڵام گوتەبێژی حکومەتی تورکیا ڕەتیکردەوە ئەنکەرە پـرسی ئەم دوو سەربازە گری بدات بەو سەربازە تورکانە.

XS
SM
MD
LG